ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دارا رەشید لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی پلاندانان بەهاوکاری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان ئەنجامیدا، تیشکی خستە سەر کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و رایگەیاند کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ جێگیردەکرێت.

دارا رەشید سەرەتا لەبارەی سەرژمێرییەوە گوتی: "ئامادەکارییەکانی سەرژمێری بەردەوامە، ئێمە بڕیارماننەداوە سەرژمێری دەکەین یان نا، بەڵام چەند پێشنیازێک ھەیە و لەگەڵ حکوومەتی عێراقی لە کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەردەوامین، ھەندێک کێشە ھەیە لە ناوچە جێناکۆکەکان کە بە ماددەی ١٤٠ ناسراون، ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن ئەوکات بڕیار لەسەر سەرژمێری دەدەین".

وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دارا رەشید ئاماژەی بە پرۆژەی چاکسازی کرد و گوتی: "لە کابینەی پێشوودا رەوانەی پەرلەمان کرا و بۆ حکوومەت گەڕێندرایەوە، لەو کابینەیەش لە یەکەم کۆبوونەوەدا لیژنەیەکی بۆ پێکھێنراوە و پرۆژەی چاکسازیش لە قۆناغی کۆتایی و تەواوبووندایە و پێدەچێت لە نزیک کاتدا رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ پەسەندکردنی".

وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا جەختی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەیەکی باش لەنێوانیان بەڕێوەچووە و گوتی: "گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال باشە و لە ھەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی زۆر باشکرا، زۆربەی کێشەکانی ھەبوون چارەسەرکراون و لەئێستادا شاندی ھەرێم لە بەغدایە، پێشبینی دەکەم بابەتی بوودجە کۆتایی ھاتووە و دەنێردرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران، زۆربەی داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم کە بەدەستوور و یاسا جێگیرکراون لە یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠، جێگیردەکرێن".

دارا رەشید گوتیشی: "ناوچەکە و عێراق رووبەڕووی چەندین پێشهات دەبێتەوە و دەبێت هەموومان خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەر ئەگەرێک. لە وەزارەتی پلاندانان بە هاوکاری هەموو لایەک، سەرقاڵی ئامادەکردنی دیدگای ٢٠٣٠ دەبین کە بۆ ئەویە ببێت بە چوارچێوەیەکی ستراتیجی بۆ داهاتوو لە پێناو بەدیهێنانی پەرەپێدانی بەردەوام و دەتوانین سوود لەو پلان و بەرنامە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانە وەربگرین کە ئاماج لێی گواستنەوەی کۆمەڵگایە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی باشتر کە رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت".