ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چاکسازی فرەوانترە لە پرۆژەیەک، چاکسازی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی پێویستی بە پلان هەیە

به‌ ده‌ستپێشخه‌ری ڕێكخراوی ستۆپ و به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی فریاكه‌وتنی میللی (PAO) گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ له‌ 21 كانوونی یه‌كه‌می 2019 له‌ شاری هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی (30) نوێنه‌ر له‌ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و شاره‌زایانی بواری یاسا و دارایی له‌ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ساز كرد و تیادا شرۆڤه‌ی پرۆژه‌ (یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌ و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) كرد.‌ ئاماده‌بووان له‌ گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌ل سه‌ره‌ڕای ده‌ستخۆشی له‌ هه‌نگاوی چاكسازی چه‌ندین ڕاوپێشنیار خرانه‌ ڕوو و گرنگترینیان به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌ :

تێبینی گشتی :

-1 پرۆژه‌ی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان فراوانتر و هه‌مه‌لایه‌نتره‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ گشتی چاكسازی بكرێت له‌ بواره‌كانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵاتی و فه‌رهه‌نگی له‌ چوارچێوه‌ی پلانێكی ستراتیجی درێژخایه‌ن .

2- پرۆژه‌ی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان چگه‌ له‌م پرۆژه‌ یاساییه‌ پێویسته‌ كه‌رته‌كانی تریش بگرێته‌وه‌ له‌ پێش دا (سه‌رچاوه‌كانی داهات له‌ بواری نه‌وت و گومرگ و وه‌به‌رهێنان و ده‌رمان و فرۆشتنی زه‌وی و زار و قۆرغكردن) .

3- شێوازی خه‌رجكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی بوجه‌ی ساڵانه‌ ڕێكبخرێت و په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بدات و ئاشكرا بكرێت بۆ هاووڵاتییان .

تێبینیه‌كان تایبه‌ته‌كان له‌باره‌ی پرۆژه‌ یاساكه‌ :

1- پێویسته‌ ناوی پرۆژه‌كه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌ چونكه‌ ناكرێت له‌ ناوی یاسادا باس له‌ هی تر بكرێـت و بكرێت به‌ (پرۆژه‌ی یاسای هه‌مواری یاساكانی خانه‌نشینی و مووچه‌ و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ) .

2- له‌ به‌شی یه‌كه‌م ئامانجه‌كانی یاساكه‌ ماده‌ی 1 خاڵێك زیاد بكرێت تایبه‌ت به‌ هاوتاكردنی سیسته‌می مووچه‌ و خانه‌نشینی وه‌كو حكوومه‌تی ئیتحادی له‌ به‌غدا .

3- له‌ به‌شی دووه‌م بواری خانه‌نشینی ماده‌ی 2 خاڵێك زیاد بكرێـت تایبه‌ت به‌ كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشینی و به‌رزترین مووچه‌ و تیادا دادپه‌روه‌ری جێبه‌جێ بكرێـت له‌ نێوان پله‌ وه‌زیفییه‌ گشتییه‌كان دا .

4- له‌ به‌شی دووه‌م بواری خانه‌نشینی ماده‌ی 2 تایبه‌ت به‌و پله ‌و پۆستانه‌ی كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ده‌بێت وه‌كو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و وه‌زیر و سه‌رۆكی ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ كاتی ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كه‌یان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاری پێشوویان و پێویستیان به‌ خانه‌نشینی نییه‌ .

5- ماده‌ی 4 تایبه‌ت به‌ دامه‌زراندنی (ده‌سته‌ی خانه‌نشینی نیشتمانی و سندووقی خانه‌نشینی) پێویسته‌ به‌ یاسا ڕێكبخرێت و ماوه‌ی 60 ڕۆژ‌ دیاری بكرێت تا په‌رله‌مانی كوردستان یاساكه‌ ده‌ربكات، نه‌ك به‌ په‌یڕه‌و له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران .

6- ماده‌ی 5 تایبه‌ت به‌ ئه‌و پله‌ باڵایانه‌ی كه‌ له‌ خه‌باتی ڕزگاری نیشتمانی به‌شداربوون قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌ به‌ پاداشتی مه‌عنه‌وی و بۆ یه‌ك چار پاداشتی مادی بكرێن كه‌ بتوانن به‌ شایسته‌یی بژین تا له‌ ژیان ماون .

7- ده‌رباره‌ی ماده‌ی پێنجه‌م پێشنیار ده‌كه‌ین هه‌موو ماف و ئیمتیازاتی شه‌هیدان ئه‌وه‌ی له‌ یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2007 ی هه‌مواركراو تایبه‌ت به‌ ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان هاتووه‌ میراتگره‌كانیان لێی سوودمه‌ند بن.

8- پرۆژه‌ یاساكه‌ ده‌ستی نه‌بردووه‌ بۆ مووچه‌ و خانه‌نشینی دادوه‌ران، پێویسته‌ ئه‌وانیش بگرێته‌وه‌ وه‌كو پله‌ باڵاكان .

9-پێویسته‌ پرسی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان له‌ یاساكه‌ جێبكرێـته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان له‌ حیسابێكی بانكی بۆ فه‌رمانبه‌ران دابنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مان بێت بۆ نه‌فه‌وتانی.

10- كارنه‌كردن به‌ هیج بارێك به‌ یاسای به‌ركاری خانه‌نشینی له‌به‌رئه‌وه‌ی ماف و ئیمتیازاته‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندنیانی سیاسی (مینحه‌)ن نه‌ك مووچه‌ و په‌یوه‌ندیان به‌ خانه‌نشینیه‌وه‌ نییه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ی یاسا ئیتیحادییه‌كان به‌گوێره‌ی یاسای تایبه‌ت ڕێكخراون.

11- دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ شه‌هیدانی شه‌ڕی ناوخۆ، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌كاتی پێداچوونه‌وه‌ به‌ تۆماری شه‌هیدان ناكه‌ونه‌ به‌ر حوكمه‌كانی یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2007ی هه‌مواركراو.

12- بابه‌تی ساڵانی خزمه‌ت پێویسته‌ كۆنكریتی بێت، خزمه‌تی فعلیش پێناسه‌ بكرێـت كه‌ مه‌به‌ست لێی چییه‌.

13- له‌باره‌ی ماده‌ی (12) له‌ پاڵ داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی ده‌سپاكی، پێویسته‌ له‌ یاساكه‌دا ڕێكاری تایبه‌ت بگردرێته‌به‌ر وه‌كو پێكهێنانی لێژنه‌ی هاوبه‌ش یاخود ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ناچار بكرێت كه‌ مانگانه‌ ڕاپۆرت بۆ ڕای گشتی بڵاوبكه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌، كاتیش بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ دیاریكراو بێـت.

14-پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و ماف و ئیمتیازاتانه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی پێنجه‌می ماده‌ی حه‌وته‌می پرۆژه‌ یاساكه‌ هاتووه‌ تایبه‌ت به‌ (خوێندن و ته‌ندروستی و ..) كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بگرێته‌وه‌.

15- له‌گه‌ڵ پشتگیری ته‌واومان بۆ هه‌ردوو بڕگه‌ی (شه‌شه‌م و حه‌وته‌م)ی ماده‌ی حه‌وته‌م، به‌ڵام ده‌سته‌واژه‌ی (پاككردنه‌وه‌) نه‌شیاوه‌ و باشتر وایه‌ بگۆڕێت بۆ (پێداچونه‌وه‌)، هه‌روه‌ها ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ بكرێت ئه‌وانه‌ی به‌ر حوكمه‌كانی ئه‌و دوو بڕگه‌یه‌ ده‌كه‌ون له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ چاره‌سه‌ری گونجاویان له‌ ده‌ره‌وه‌ی تۆماری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

16-ماده‌ی 14 بڕگه‌ی دووه‌م پێویسته‌ لابدرێت، چونكه‌ یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێم ڕێكیخستووه‌ و ئه‌و ماده‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی ناجێگیری له‌ حكوومه‌كانی دادگاكان و به‌جۆرێك یاساكه‌ و جێبه‌جێ كردنی دواده‌خات .