ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاودێر-ڕێگای کوردستان

پڕۆژەیاسای چاکسازى کە پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى دووەمى بۆ کردووە، چەند بڕگەیەکى یاساکە ڕووبەڕووى ڕەخنەیەکى زۆرى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بووەتەوە و ژمارەیەک لە چالاکانیش هۆشدارى دەدەن لە تێپەڕاندنى پڕۆژە یاساکە بەو شێوەیەى ئێستا، سەرۆکى فراکسیۆنى ئازادیش جەخت دەکاتەوە کە نادادپەروەرییەکى زۆر لە چەند بڕگەیەکى پڕۆژەکەدا هەیە و باس لەوەش دەکات کە هەوڵ دەدەن مووچەى پلە باڵاکان و خانەنشینانی ئاسایی هاوشێوەى بەغداى لێ بکرێت.

پرۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان- عێراق) لە (19) مادە پێکهاتووە، هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە گۆڕانکارى زۆرى تێدا کراوە و چەند جارێک چووەتە پەرلەمان و دواتریش گەڕێنراوەتەوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران، بەڵام بەهۆى ئەو ناعەدالەتییە زۆرەى لە دابەشکردنى مووچە و خانەنششینى پلەباڵاکاندا هەیە، ڕووبەڕووى رەخنەیەکى زۆرى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بووەتەوە.

پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژە یاساکە کردووە و چەند مادەیەکى دەنگى لەسەر دراوە، بەڵام زۆرترین ناڕەزایی لەسەر چەند مادەیەکى پڕۆژەیاساکە هەیە کە پەیوەندى بە خانەنشینی و مووچەى پلە باڵاکان، هاوکات خانەنیشینى فەرمانبەرانى ئاسایی هەیە و تا ئێستا مشتومڕێکى زۆریان لەسەرە و بڕیارە لە کۆبوونەوەکانى داهاتووی پەرلەماندا دەنگ لەسەر ئەو مادانەش بردێت، بەڵام تا ئێستا دیارنییە گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت یاخود وەک خۆیان دەهێڵرێنەوە.

سەرۆکى فراکسیۆنى ئازادى لە پەرلەمانى کوردستان ڕاى دەگەیەنێت، ئەوان هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بوون کە یاساکەى بەغدا جێبەجێبکرێت و ئێستاش لەناو فراکسیۆنە جیاوازەکاندا ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران هەمان بۆچوونیان هەیە، دکتۆر محیەدین حەسەن سەرەڕاى ئەوەى پڕۆژەیاسای چاکسازى بە هەنگاوێکى سەرەتایی بە ئاڕاستەى ئەنجامدانى چاکسازى لە هەرێمى کوردستان ناو دەبات، بەڵام جەختیش دەکاتەوە کە خانەنیشینى و مووچەى پلەباڵاکان ناعەدالەتییەکى زۆرى تێدایە، لەبەرانبەردا مووچەى فەرمانبەرانى ئاسایی و خانەنشینان زۆر کەمە، گوتیشی؛ "ئێمە وەکو فراکسیۆن لەگەڵ ئەوەداین خانەنشینى پلە باڵاکان کەم بکرێتەوە، بەشێوەیەک کە نابێت جیاوازى مووچەى خانەنشینى پلەباڵاکان و فەرمانبەرانى ئاسایی ئەو ناعەدالەتییە گەورەیەى تێدابێت وەک ئەوەى ئێستا کراوە". دکتۆر محیەدین حەسەن سەرۆکى فراکسیۆنى ئازادى لە پەرلەمانى کوردستان ڕوونى دەکاتەوە کە کاردەکەن بۆ باشترکردنى پڕۆژەکە و بۆچوونیشی وایە کە یاسای خانەنشینى عێراقی دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات؛ "لەو یاسایەدا هەم مووچەى خانەنشینى پلەباڵاکان بەڕێژەیەکى باش کەمکراوەتەوە، هەمیش 500 هەزار وەک کەمترین مووچەى خانەنشینى دیاریکراوە". گوتیشی؛ لە دانیشتنەکانى داهاتووى پەرلەماندا لەگەڵ ئەو هاوڕێ پەرلەمانتارانەى بڕوایان بە یەکسانى و دادپەروەرى هەیە کار دەکەن بۆ ئەنجامدانى گۆڕانکاری لەو بڕگە و مادانەى کە بوونەتە جێگەى ناڕەزایەتى هاووڵاتییان و نادادپەروەری لە دابەشکردنى ساماندا.

حاکم شێخ لەتیف پەرلەمانتارى خولى پێشووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، باس لەوە دەکات کە لە عێراق جیاوازی لە نێوان پلە باڵاکان و فەرمانبەری ئاسایی نەماوە و هەمووان پابەندی یەک یاسان، گوتیشی: بەپێى یاساکە هەر مووچەخۆرێک جا پلە باڵا بێت یان ئاسایی بۆ ئەوەی بتوانێ خانەنشین بێ دەبێ تەمەنی 50 ساڵ بێت و خزمەتیشی لە 15 ساڵ کەمتر نەبێ، ئەوەی ئەو دوو مەرجەی تێدا نەبێ خانەنشینی نایگرێتەوە. شێخ لەتیف جەخت لەوەش دەکات کە بۆ ئەوەى ئەم هەنگاوانە سەرکەوتوو بێت، دیسانەوە پێویستە هاوشێوەى بەغدا مووچەی پلە باڵاکان کەم بکرێتەوە، چونکە ئەگەر مووچەکەیان کەم نەکرێتەوە، خانەنشینییەکەشیان کەم نابێتەوە. "ئەوەی لەبەغدا وای کردووە مووچەی خانەنشینی پلە باڵا زۆر کەم ببێتەوە لەچاو ئەوەی هەرێم ئەوەیە کە لە بەغدا مووچەی پلە باڵاکان کەمکراوەتەوە بۆیە خانەنشینییەکەشیان کەمە".

خانەنشینى مووچەى پلە باڵاکان زۆرترین ناڕەزایەتى هاووڵاتییان و چالاکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لێ کەوتووە و لە گردبوونەوەکانیاندا دژ بەو بڕگەیە جەخت لە نادادپەروەرى لە دابەشکردنى سامانى وڵات دەکەنەوە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە ناکرێت مووچەى پەرلەمانتار و وەزیرێک، یان هەر پلە تایبەتێکى دیکە پەنجا هێندەى مووچەى خاوەن پێداویستییەکى تایبەت بێت.

پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکەى ڕۆژى یەکشەمى ڕابردوو لە پەرلەمانى کوردستان، کە بەشێکى تایبەت بوو بە خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازى زنجیرەیەک گردبوونەوە و ناڕەزایەتى لەبەردەم پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدران و داوا لە پەرلەمانتاران کرا بە ڕاستی ببنە نوێنەرى گەل و ئەو بڕگەیەی پڕۆژەیاساکە ڕەت بکەنەوە کە تایبەتن بە مووچەى پلەباڵاکان.

لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمان ئەنجامدا و تێیدا داوای دابینکردنی مافەکانیان لە چوارچێوەی پرۆژەیاساکەدا دەکرد، سامان حوسێن سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان لە بارەى هۆکارى گردبوونەوەکەیانەوە باسی لەوەکرد کە کەمئەندامان لە ڕەوشێکی ئێجگار خراپ و ناهەمواردا دەژین، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان باس لەوە دەکات کە جیاوازى ناعەدالەتییەکى زۆر لەنێوان مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان هەیە، بۆیە ناکرێت بە هیچ بیانوویەک ئەو ناعەدالەتییە زیاتر قبوڵ بکرێت". کەم ئەندامان لە گربوونەوەکەیاندا داوایان دەکرد کە مووچەکەیان بە ڕێژەی 100% زیاد بکرێت، سامان حوسێن گوتیشی دەبێت پەرلەمانتاران گوێمان لێبگرن و چاکسازی لە مووچەکانماندا بکەن.

لەلایەکى دیکەوە و هەر لە چوارچێوەى ناڕەزایەتییەکان دژى تێپەڕاندنى خانەنشینى پلە باڵاکان، لە پڕۆژەیاسای چاکسای، ژمارەیەک لەزیندانیانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی بەناوى هەڵمەتى دادپەروەرییەوە چوونە بەردەم پەرلەمان و لە بەیاننامەیەکدا داوایانکرد کە مووچەی بنەڕەتی تەواوی پلە باڵاکان بۆ 50%ی ئێستا کەمبکرێتەوە، هیچ خانەنشینیەک لە سێ ملیۆن دینار زیاتری نەبێت و لانی کەمی مووچەی خانەنشینیش لە 500 هەزار دینار کەمتر نەبێت، بەشێک لە چالاکانى مەدەنى بۆچوونیان وایە کە خانەنشینکردنى پلە باڵاکان لە سەروو شەش ملیۆن دینارەوە، هەنگاوێکى دەسەڵات بووە بۆ دەستەمۆکردنى پەرلەمانتاران، "ئێستا دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگای ئێوەوە نادادپەروەری خۆی بە یاسا بکات لە ڕێگای بەخشینی ئیمتیازات پێتان". 

بەشێک لە نووسەران و چاودێرانى دۆخەکە سەرەڕاى ئەوەى جەخت لەوە دەکەنەوە کە کەمکردنەوەی مووچەی پلە باڵاکان هەنگاوێکی دادپەروەرانەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە دەکەن کە ئەوەى ئێستا لە پەیوەست بەو پڕۆژەیاسایەوە ڕوودەدات، جۆرێکە لە خۆڵ لە چاوکردن، بەوپێیەى ئەوە تەنیا بەشێکی کەمە لە داهاتی کوردستان کە دەبێت دادپەروەرانە و عەقڵانیاینە ڕێکبخرێت، بەڵام لەو ڕێگەیەوە هەوڵێک لەناو هێزە سیاسییەکاندا هەیە کە چاکسازى لە سێکتەرە گرنگەکانى دیکە نەکرێت و ئەو پڕۆسەیەى کە ناویان لێناوە چاکسازى تەنیا لە ڕێکخستنەوەى مووچەى پلەباڵاکان و فەرمانبەرانى ئاسایی کورت بکرێتەوە.