ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چواردەی شوبات هەموو ساڵێك شیوعییەكانی عێراق و كوردستان بەو پەڕی رێزو شانازییەوە دەست لەسەر سینگ لەبەردەم باڵای شكۆی شەهیدەكانیان دەوەستن و لە ئاستی قوربانیان و گیان بەختكردنیان، سەری رێزو نەوازش دادەنوێنن، و پەیمان و بەڵێن بۆ ئەوان و خانەوادەكانیان و گەلەكەیان نوێ دەكەنەوە، كە درێژەپێدەری رێبازەكەیان بن و هەموو هێزو توانیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی خوێنی گەشیان بەفیڕۆ نەڕوات و بەو پەڕی ئیرادەو ورە بەرزیییەوە كار بۆ بەدەست هێنانی ئەو هیواو ئامانجانە دەكەن كە ئەوان لەپێناویدا گیانیان بەخت كرد.

چواردەی شوبات لای ئێمەی شیوعییەكان كە یادی رۆژی شەهیدو گیان بەختكردنی هاوڕێكانمانە لە پێناو نیشتمانێكی ئازادو گەڵێكی بەختیار، رۆژی نوێكردنەوەی بەڵێن و سوربوون لەسەر بیروباوەڕە چونكە ئەم ڕۆژە لوتكەی ئیرادەی شۆڕشگێڕییە، و رۆژی شانازی بەخۆكردنی شیوعییەكانە كە چۆن لەپێناو ئازادی و دیموكراسی و سۆسیالیزمدا دەیان هەزار كەسیان لە رۆڵە ئازیزەكانیان كردۆتە قوربانی و كاروانی سوری خەڵاتی تێكۆشانیان بە خوێنی خۆیان، بە هەورازو نشێوو بە نێو تونێلە تاریكەكانی مەرگ و سەختگیریدا بەردەوامی پێداوە. بەردەوامی ئەو كاروانەش بۆ سەروەری شەهیدەكانمان و سەرجەم هاوڕێ قارەمان و كۆڵنەدەرەكان دەگەڕێتەوە.

هەر بۆیە حزبی شیوعی كوردستان چواردەی شوباتی هەموو ساڵێك دەكاتە دەرفەت و وێستگەیەك بۆ زیاتر كۆشش كردن بۆ بەرگری كردن لە ئازادی و دیموكراسی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ. دەیكاتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی، ئەوە بە هەموو لایەك ڕابگەیەنێت ئەوەی تاكو ئێستا بەدەست هاتووە، سەرجەم دەستكەوتە نیشتمانیەكانمان بەری ڕەنجی خوێنی گەشی شەهیدانە. خۆڕاگری گەلەكەمان بەگشتی و خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەكان و زیندانانی سیاسیی و رێكخستنە نهێنییەكانی رۆژانی سەختی تێكۆشان ئەمڕۆی دروست كردووە. بۆیە هەر لەیادی چواردەی شوبات سەر لەنوێ جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئێمە بەرگری لە مافەكانی خانەوادەی شەهیدانی سەربەزی گەل و نیشتمان دەكەین و حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی كە لە هەموو رووێكەوە زیاتر خزمەتی بنەماڵەی شەهیدان بكرێت، و ژیان و گوزەران و مافە مەدەنی و كۆمەڵایەتییەكانیان بۆ زامن بكرێت و لێنەگەڕێن لەوە زیاترئەو بنەماڵە سەربەرزانە ئاوا لە دۆخێكی سەختدا ژیان نەگوزەرێنن.

هەروەها جەخت لەوە دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پیوەندیدارەكان كۆتایی بەو جیاوازیە بهێنن كە ساڵەهای ساڵە بۆتە باجێكی قورس بەسەر شانی بنەماڵەی شەهیدانی حزبمان، پێویستە دابینكردنی و زامنكردنی مافە مەدەنی و كۆمەڵایەتییەكانی بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان لەسەر بنەمای یەك پێوەر بێت، نەك لەسەر بنەمای حزبی و بەش بەشێنە و پەیڕوكرنی سیاسەتی تەزیكەی حزبی، كە جیاوازی گەورەو قوڵی خستۆتە نێوان شەهیدانی حزبمان و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار. ئێمە لە حزبی شیوعی كوردستان داوا دەكەین هەرچی زووە كۆتایی بەو نا دادپەروەری و نایەكسانیە بهێنرێت و حكومەت لەسەرجەم بوارەكاندا حكومەتی هاوڵاتی و دادپەروەری و مافەكانی مرۆڤ بێت. نەك تەزكیەی حزبی و سیاسەتی بەرتەسكی حزبایەتی. ئەمە جگە لەوەی لیستی شەهیدان پێویستی بە پاكسازی راستەقینەیە.

نەمری و سەربەرزی بۆ هاوڕێ یوسف سەلمان یوسف(فەهد)ی دامەزرێنەری حزب و ئەو پۆلە هاوڕێ قارەمانەی كە رژێمی پاشایەتی لە عێراق لە شوباتی 1949 لەسێدارەیدان.

نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی حزبمان و سەرجەم شەهیدانی بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی كوردستان.

سەربەرزی بۆ خانەوادەی شەهیدانی حزب و گەل كە لە پێناو نیشتمانێكی ئازاد و گەلێكی بەختیار و چەسپاندنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و دێموكراسی و مافی مرۆڤ رۆڵە ئازیزەكانیان كردە كۆچی قوربانی.

لە ڕۆژی شەهیدی شیوعی، بەڵێن بۆ جەماوەری گەلی كوردستان نوێدەكەینەوە كە حزبی شیوعی كوردستان هەردەم ئاڵاهەڵگری دیموكراسی و پێشكەوتووخوازی و بەرگری كردن لە مافەكانی گەلی كوردستان دەبین، تێدەكۆشین لە پێناو نەهێشتنی گەندەڵی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و هەموو ئەو پێشێلكاریانەی لە بەرامبەر گەلەكەمان و رەنجدەرانی بیروبازوو هەژاران ئەنجام دەدرێت .

مەكتەبی سیاسی

حزبی شیوعی كوردستان

١٤ شوباتی ٢٠٢٠