ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەپێی راگەیاندراوێکی ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای پارێزگای ھەولێر لە سبەی سێشەممەوە جگە لە قەدەغەی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل، ھاتوچۆی پیادەش لە سەرجەم کۆڵانەکانی قەزا و ناحیە و ناوەندی شاری ھەولێر قەدەغەیە.

 

لە راگەیاندراوەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای پارێزگای ھەولێردا ھاتووە: ''دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە دریژکردنەوەی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ تاوەکو ١ی ئاداری ٢٠٢٠ ، ئەمشەو ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەسەرپەرشتی پارێزگاری ھەولێر فەرسەت سۆفی، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا''.

 

لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە: ''لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردا بە:

 

یەکەم: جگە لەقەدەغەکردنی ھاتوچۆی ئۆتۆمۆبێل، ھاتوچۆی پیادەش لەسەرجەم کۆڵانەکانی قەزا و ناحییەکان و ناوەندی شاری ھەولێر قەدەغەیە، تەنھا بۆ حاڵەتی کڕینی خۆراک و پێویستی زۆر زەرور نەبێت، ھیچ کەسێکی دیکە رێگاپێدراو نییە، بۆ ئەو مەبەستە تەواوی ھێزە ئەمنییەکان بڵاوەی پێکراوە، ھەرکەسێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

 

دووەم: سەرجەم مارکێت و سەمونخانە و نانەواخانەکان، ئەو شوێنانەی رێگەی کارکردنیان پێدراوە، پابەندنی تەواوی رێنماییە تەندروستییەکان نەبن، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دادەخرێن''.

 

لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا داوا لە تەواوی ھاووڵاتیانی سنووری پارێزگای ھەولێر کراوە کە، پابەندبن بە بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆ و رێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ بکەن و لەماڵەکانیان بمێنەوە.

لەلایەکی دیکەش  وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، بە بڕیارێک سەرجەم ھێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. 

لە فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆدا به‌ واژووی وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، ئاماژە بەوەکراوە کە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێم تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیارماندا بە:

 

یەکەم: گشت ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئەفسەر و کارمەندانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەت، بەڕێوبەرایەتی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بەڕێوبەرایەتی گشتی ناوخۆ، بەڕێوبەرایەتییەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی ھەرێمی کوردستان، بەڕێوبەرایەتی گشتیی پۆلیس، بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کارەبای ھەرێم، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەرێم، دادگای ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ/ یەک و دوو، دەستەی پشکنینی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کۆلیژی پۆلیسی ھەولێر و سلێمانی، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی مەشق و شیاندنی پارێزگای سلێمانی، سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی پۆلیس، دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بە مەبەستی ھاوکاریکردنی ئەو ھێزانەی کە ئەرکی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێ سپێردراوە.

 

لە بەشێکی دیکەی فەرمانەکەدا ھاتووە: ''بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانەی سەرەوە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ھەماھەنگی دەبن لەگەڵ بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ دابەشکردنی ئەرکەکانیان و لە لایەن خودی ئەو بەڕێوبەرانە سەرپەرشتی دەکرێن، بە پێی رێنماییەکانی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان''.