ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ھاوكارییەكانی چین لە رێگەی فڕۆكەیەكەوە گەیشتە ھەولێر

حکومەتی چین هەزار و هەشتا کیتی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ هەرێمی کوردستان دابینکرد. وەزیری تەندروستیش ئاشكرای دەكات بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ژمارەیەك شارەزای چین سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ كونسوڵی چین لە ھەولێر ئاشكرای كرد: "ھاوكارییەكە زیاتر لە ھەزار تێستی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنایە و پێشتر لە قۆناغی یەكەمدا حكومەتی چین ژمارەیەك ماسكی وەك ھاوكاری پێشكەشی ھەرێمی كوردستان كردووە.

وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان راشیگەیاند، ڕۆژی 27 مانگ تیمێکی شارەزای چینی، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ڕاوێژکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای هەرێم بۆ چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

ھێمن حوسێن، پەیامنێری كوردستان24 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رایگەیاند، ھاوكارییەكانی چین لە رێگەی فڕۆكەیەكەوە گەیشتە ھەولێر و لەلایەن كونسوڵخانەی چین لە ھەولێر رادەستی وەزارەتی تەندروستی دەكرێت.

لای خۆشیەوە نی روچی، كونسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی لە ھەولێر رایگەیاند، حكومەتی چین بەردەوام دەبێت لە ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان و چەند كۆمپانیایەكی چین بەڵێنیانداوە كە ئامێری تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكەن".

كونسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی لە ھەولێر وتیشی: "ھەرێمی كوردستان لەم دۆخە بە تەنیا نابێت و گەل و حكومەتی چین لە پشت ھەرێمی كوردستان دەبێت، لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئەو شەڕە دەبەینەوە".