ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

گوتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی پارێزگاری ھەولێر، فازڵ حاجی رایدەگەیەنێت کە خەریکە بەقاچاخ گواستنەوەی کەسەکان تەشەنە دەستێنێت و ئاشکرایشی دەکات کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستیان بەسەر دوو ئۆتۆمبێلدا گرتووە کە بەنیازی گواستنەوەی خەڵک بوون بەشێوەیەکی نایاسایی.

فازڵ حاجی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئەمرۆ پێنجشەممە رێككەوتی26ی ئاداری 2020، لەلایەن مەفرەزە ھاوبەشەکانی ھاتوچۆ و زێرەڤانی، لەسەر رێگای ھەولێر - گوێر، دوو ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەر داگیرا کە پڕبوون لە ھاووڵاتیی عەرەبی دانیشتووی دەورووبەری ناحیەی گوێڕ کە بەنیازبوون بە قاچاغ و بێ پشکنین بێنە ناو شاری ھەولێر.

گوتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر ئەوەیشی خستووتەڕوو کە لەمیانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ شوفێرەکاندا، گوتوویانە کە ھاووڵاتییەکان کرێکاری کۆمپانیان، بەڵام دواتر روونبووەوە کە عەرەبەکان کرێکاری کۆمپانیاکان نین.

فازڵ حاجی ئاشکرایشی کردووە کە سەرجەم سەرنشینەکان رەوانەی پشکنینی پزیشکی کراون و شوفێرەکانیش رادەستی پۆلیس کراون بۆ ئەوەی رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

گوتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ھەموو ئەوانەی سەرپێچی ھاوشێوە دەکەن، رووبەڕووی دادگایان دەکەنەوە و داواش دەکات کە ھەوڵی تێکدانی ئاسایشی تەندروستی ھەرێم نەدرێت.