ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

گەڵا جاف- گەرمیان

 

ئەمڕۆ سێشەمە (2020/5/19)، ئاسایشی گەرمیان گرتنی شوانكاریەك راگەیاند كە لەماوەكانی رابرودا بەناوی داعشەوە فیڵی كردبوو ،هاوكات هەواڵی ناراستی بڵاوكردبوەوە.

عوسمان عەبدولكەریم، بەرپرسی راگەیاندن وپەیوەندیەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، بە (رێگای كوردستان)ی راگەیاند:" پاش ئەوەی رۆژی (2020/5/16)، ئاگاداری هێزەكانی بنكەی ئاسایشی رزگاری سەر بە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان دەكرێتەوە كە لە سنووری گوندی كوڵەجۆی حاجی ئەحمەد شوانكارەیەك بەناوی(ا ج ر) لەگەل پەنجا سەر ئاژەڵیدا دیار نامێنێت و گومانی رفاندنی لێ دەكرێت، دەستبەجێ هێزەكانی بنكەی ئاسایشی رزگاری و بنكەی ئاسایشی سەرقەڵا بە هاوكاری هێزەكانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخان توانرا لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعاتدا شوانكارەكە و ئاژەڵەكان بدۆزرێنەوە و لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دەركەوتووە كە شوانكاری ناوبراو پێشتر سیناریۆیەكی بۆ خۆی داڕشتبوو و وای بڵاوكردبووەوە كە لە كاتی شوانیدا كۆمەڵە چەكدارێكی بینیوە و تەنانەت لە رێكەوتی (27/4/2020)، ئاگاداری هێزەكانی بنكەی ئاسایشی رزگاری كردۆتەوە كە كۆمەڵێك چەكداری نەناسراوی بینیوە و هاتوونەتە لای."

گوتیشی :" لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دەركەوت كە ناوبراو قەرزار بووە و ویستوویەتی ئاژەڵەكان ببات لە سنووری دەربەندیخان بیانفرۆشێت و دواتر وا خۆی دەربخات كە چەكدارەكان رفاندویانە و دواتر ئازادیان كردووە."

ئەو بەرپرسەی ئاسایشی گەرمیان، راشیگەیاند:" لە لایەن دادوەری لێكۆڵینەوەوە بە پێی ماددەی 453 ی یاسای سزادانی عیراق راگیراوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە."

Image may contain: one or more people