ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاوڕێ کرێکار ـ ڕێگای کوردستان

ئەمڕۆ دووشەممە 1ی حوزیرانی 2020، کرێکارانی کۆمپانیای سەگرمە، کە ئەرکی پاککردنەوەی خوڵ و خاشاک و پاشماوەی ماڵان و بازاڕ و شوێنە گشتیەکانی، سنوری ۱٤ سەر بە ئیدارەی گەرمیانیان لەسەرە،مانگرتنیان ڕاگەیاندوە و هیچ کارییان نەکردووە.

بەپێی بەدوداچوونەکانی ڕێگای کوردستان،کە لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان گەڕاوە، خوڵ و خاشاک و پاشماوەی ماڵان و شوینە گشتیەکان هەڵنەگیراوە لە لایەن کارمەندانی پاککەرەوە و قەرەباڵغیەکی زۆری دروست کردووە.

لەسەر هۆکاری مانگرتنی کرێکاران، مەولود عومەر سەرپەرشتیاری گشتی کۆمپانیای سەگرمە، بەڕێگای کوردستان وت : ماوەی زیاتر لە شەش مانگه، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هیچ مووچەیەکمان بۆ سەرف نه کراوە، مامەڵەی پێدانی بودجەکەمان لە وەزارەتی دارایی کەوتووە و کەس کاری لەسەر ناکات.

وتیشی : لەو شەش مانگە تەنها یەک مووچە بەکرێکار دراوه، ئەویش کۆمپانیای سەگرمە لە سەر حسابی خۆی مووچەی بۆیان سەرفکردوە و تا ئێستا کۆمانیای بودجەی بۆ سەرفنەکراوە و لەتوانایدا نیە، مووچەی مانگێکی تر بەکرێکاران بدات.

هەروەها وتیشی : کرێکاران لەتەواوی سنوری گەرمیان نەچونەتە سەر کار و مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و داوای مووچەکانیان دەکەن و بێ مووچە کارناکەن، ئێمەش هەر وەعدمان پێ دەدرێت و کێشەکە هەر وەک خۆیەتی و چارەسەر نەکراوە.

هەرچەنده بڕیار بوو، کرێکارانی کۆمپانیاکە، لەبەردەم شارەانیەکانی گەرمیان گردبونەوە ئەنجام بدەن بەڵام گردبونەوە نەکرا.