ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆنۆلێل مایلز کەینگز لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دا بۆ بەرەنگاری پاشماوەکانی داعش و رایگەیاند، ''وەک هەموو لایەنەکانی عێراق و کوردەکانیش دەیبینین کە هەڕەشەکانی داعش لەهەندێک ناوچە بەردەوامی هەیە''.

کۆنۆلێل مایلز کەینگز کە بە یاوەری شاندێکی هاوپەیمانان سەردانی شاری سلێمانی کردووە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی یەکەمی هاوپەیمانان لەناوبردنی هەموو ئەو شانەنوستووانەی داعشە کە ئێستا لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.

کۆنۆلێل مایلز کەینگز ئاماژەی بەوەدا ئەمڕۆ لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژندا، دەبێت یادی هەموو ئەوانە بکەینەوە کە گیانی خۆیان کردە قوربانی لەماوەی پێشوودا لەجەنگی دژی تیرۆریستانی داعشدا.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا ئەو گوتەبێژەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی باسی لەو گۆڕانکاریانە کرد کە بەسەر پێکهاتەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا هاتووە لە عێراق و جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی پێویستی هەنوکەیی قۆناغەکە ئەو گۆڕانکاریانە ئەنجام دراون.