ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

تادێت دۆخی سیاسی و ئابووریو ئیداری لە هەرێمی كوردستان لە هەموو رووێكەوە رووەو شپرزەیی و ئاڵۆزی دەڕوات، لە سایەی ئەو دۆخە ناهەموارەش ژیانو گوزەرانی گەلی كوردستان تا دێت سەختتر دەبێت، بۆ تاووتوێكردنی ئەم واقیعەو فۆرمۆڵەكردنی زیاتری گوتاری سیاسی دژ بە گەندەڵیو نادادی، ماڵپەڕی رێگای كوردستان بەپێویستی زانی ئەم تەوەرە بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پرسیارەكانی ئاراستەی هاوڕێ (ئەحمەد شێروانی) ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سكرتێری كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان كرد:

سازدانی: ماڵپەڕی رێگای كوردستان

*خەریكە شاڕەگی ئابووری هەرێم لەنێو گەندەڵیدا بەیاسایی دەكرێت، چی بكرێت بۆ رزگار كردنی؟

ئەحمەد شێروانی: رێك ئەوە دەرئەنجامی سیاسەتی فیفتی بەفیفتی و دابەشكردنی هەرێمی كوردستانە بۆ دوو ناوچەی نفوزی حزبی و لەئەنجامدا هەموو وڵاتو دامەزراوەكانیان بەرەو قۆرخكاری برد و نوخبەیەكی حاكم بەدەر لەدامەزراوەیی و یاسایی دەستی بەسەر هەموو شتێكی وڵات داگرتووە بەمشێوەیەش حالەتی شۆڕشگێڕیان كردە بیانوو بۆ هەموو سیاسەتە پەیڕەوكراوەكانی بەناوی سیاسەتی ئابووری كە ئەوەش بووە هۆی شكستی باری ئابووری و فەشەلی هەموو سیاسەتەكانی ئابووری پەیڕەوكراو، پاشان دەركردنی یاسایی وەبەرهێنان دەرگای گەورەی بەسەر گەندەڵیو فەشەلی بونیادی ئابووری كردەوە، رزگاركردنی ئابووری كوردستان رێك دەبێت پێچەوانەی ئەو پەیڕەوە بێت كە تائێستا ئەنجامدراوە.

*تەمەنی حكومەتی هەرێم بۆ سی ساڵ دەڕوا هێشتا بەدەست دوو پارتەوەیەو ئەوانیش خستویانەتە بەرژەوەندی خۆیان، كاتی گۆڕانكاری نەهاتووە؟

ئەحمەد شێروانی: قۆناغێكی سەختە هەرێمی كوردستان پێیگەیشتوە، بەهۆی كڕینی وەلائاتی خەڵكی لەرێگای بەخشینەوەی پۆستو پارەو ئیمتیازات، دوو حزب بەتەواوی لەماوەی ساڵانی رابردوو تا بە ئێستاكەش رادەگات هەلەكەیان قۆستۆتەوە، گۆڕانكاری لەم سیستەمە حزبییە دەستی پێكردووە، هەر بڕیاردانی حزبی شیوعی لەهەڵبژاردنی بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون لەپاڵ چەند حزبێكی دیكە، فشارێكی راستەقینەیە و پێویستە جەماوەریش هان بدرێت بۆ ئەوەی بڕوای بەم ئۆپۆزسیۆنە راستەقینەیە هەبێت كە دەیەوێت لەرێگای بەرنامەو راستگۆیی سیاسیدا، گۆڕانكاری بكات، بەڵام بێگومان ئەم گۆڕانكارییە ریشەییە كاتی زێدەتری دەوێت كە بەرژەوەندی نیشتمانی زاڵ بكات بەسەر هەموو بەرژەوەندییەكی بەرتەسكی حزبی.

*دەست و ئەجندای وڵاتە هەرێمایەتییەكان تا دێ درێژتر دەبێت و كاریگەری نەرێنی درووستكردووە، پێتوانییە بوونی ئەزموونەكەمان بەرەو لەناوچوون دەبا؟

ئەحمەد شێروانی: ئەزموونی هەرێمی كوردستانو گەیشتنی بەفیدرالیزم، لەئەنجامی قوربانی و تێكۆشانی هەموو خەڵكی كوردستانبووە بەئاسانی لەناو ناچێت، بەڵام بڵێ رۆڵ و كاریگەری لاوازتر بووە لەچاو جاران بەڵێ ئەمە راستە، ئەمەش لەئەنجامی دووبەرەكیو بەرژەوەندی حزبایەتیو خۆبەهێزكردن و فەرزكردن بەپشت بەستن بەهێزی دەرەكی و خۆبەستنەوە بەسیاسەتە دەرەكییەكان بووە. كەپێویستە ئەم بارودۆخە بەتەواوی لەبەرژەوەندی گەلی كوردستان بگۆڕدرێت، بەردەوام بوون بەمشێوەیە وەك خۆهاویشتنە دەریایەكی سیاسی حیساب بۆ نەكراوە كە نازانرێت ئەنجامەكەی چۆن دەبێت، كە مەترسیەكی گەورە دەبێت.

*بۆچونێك هەیە هەموو ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن ناساند بە ئیسلامی و عیلمانیەوە بەرژەوەندیەكان كپی كردنەوە، ئاخر ئەوەی ئەمڕۆش خەریكی جوڵاندنی شەقامە هەروایە، چۆن ئۆپۆزسیۆنێكی تەندرووست درووست دەبێ؟

ئەحمەد شێروانی: بەداخەوە، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك حزبی رەسەن كە رۆڵ و كاریگەریان هەیە، بەهۆی دەستگرتن بەئەزموونەكە هەندێك خەمساردیان كرد بۆخستنەرووی دەنگی ناڕەزایەتی و سیاسەتی ئۆپۆزسیۆنی، لەم نێوەندەدا، دەنگی "بەناو ئۆپۆزسیۆن" لەنێو خودی هەمان هەناوی دەسەڵاتدا دروستبوون كەلەئەنجامدا شتێكی نوێی پێشكەش نەكردو فەشەلی هێنا، ئێستاش ئەوەی شەقام دەجولێنێت بەرنامەیەكی راستەقینەی سیاسیو روئیای سیاسی دروستو پەسندی نییە ئەویش پشت بە سیاسەتێكی ناڕۆشن دەبەستێت، ئەم واقیعەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو دەنگو بالۆرەی كە پۆپۆلیستیەكان لەسەر ئاستی جیهان و بەبەكارهێنانی سۆشیال میدیا، یەكیان گرتووە لەسەر بنەمایەی دەنگی بڵندی ناڕازیبوون بەبێ ئەوەی هیچ بەدیلێكی حەقیقی پێشكەش بكەنو جێگای بڕوای جەماوەر بن، ئەوەی دەگوزەرێ شتێكی كاتییە نەك درێژخایەن، ئەوەی پێویستە قسەی لەسەر بكرێت كەناوی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی لێبنرێت، هێشتا لەقۆناغی فۆرمەلبووندایە، چونكە ئیسلامییەكان ناتوانن بەدیلی دەسەڵات بن بەم ناڕۆشنیەی لەبەرنامەی ئاشكراو و نهێنیان دایە، ئەوانی دیكەش كە ئەمڕۆ لەژێر هەر ناوێكدا بن، تەنها جولانەوەیەكی ناڕازییە لەنەبوونی موچەو هەندێك شتی دیكە كە رەنگە ئەم داخوازیانە پەسندو پێویست بێت بەڵام بەرنایەكی سیاسیو بەدیلێكی حوكمداری نییە، چونكە ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە، لەسەر ئاستی نیشتمانو لەسەر ئاستی سیاسەتی ئابووریو دبلۆماسیدا، روئیای خۆی هەیە، كە لەنێویاندا حزبی شیوعی.

هەرچی ناڕەزایەتی هەنوكەییو كورت مەودایە، بەبێ هۆشیاری تەنها رەبتكراوە بەموچە، كەرەنگە زۆرینەی بنكەی جەماوەری حزبەكانی دەسەڵاتیش هەمان ناڕەزایەتیان هەیە بەڵام ئەمە نابێت بابەتی گۆڕینی رای گشتی بۆ دەنگدان بەحزبێكی دیكەی غەیری حزبەكە دلخوازەكەی.

*ئێستا شەقام توڕەیەو بەڵام كەس نییە پێشڕەویان بكات، حزبی شیوعی پێشتر ئەزموونی هەبوەو بەڕای بەڕێزتان كاتی گرتنە دەستی شەقام نەهاتووە؟

ئەحمەد شێروانی: حزبی شیوعی خاوەن ئەزمونێكی گرنگە لەپێشەڕەوایەتی جەماوەر ودەنگی ناڕەزایەتی، ئێستاش هەر خۆپیشاندانو ناڕەزایەتیەك حزبی شیوعی تێدا بەشدار بێت قورسایی زێدەترە، بەڵام لەنێو سیاسەتەكانی بەریەك كەوتەی ناوچەكەو خوێندنەوەی سیاسی بارودۆخەكە، حزبی شیوعی هەڵسوكەوتی سیاسیانەی خۆی دەكات، گرتنە دەستی پێشڕەوایەتی جەماوەر قۆناغی باشی بڕیوە بەڵام هێشتا پێویستی بەوەیە كە شێوازی تێكۆشانی جەماوەری دەبێت بگۆڕدرێت و بەشێوەیەك بێت كاریگەری لەسەر عەقلیەتی جەماوەر و هەم دەسەڵاتیش دروستبكات، ئەمەش پێویستی بەسیاسەتی هەنگاو بەهەنگاو و كاری هاوبەشی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن هەیە كە تێكۆشانی مەدەنی و داخوازییەكان بەئاراستەی ململانێدا نەبردرێت بەڵكو بە شێوازی ركابەری سیاسی ئاراستە بكرێت.