ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
سەرۆکی ڤەنزوێلا رایدەگەیێنێت، سیخوڕێکی ئەمریکییان لە نزیک پاڵاوگەکانی نەوت لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دەستگیرکردووە، کە لە عێراقدا کاریکردووە.
 
نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە پەخشی راستەوخۆی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، دوێنێ سیخورێکی ئەمریکییان لە  ویلایەتی فالکۆن دەستگیرکردووە، کە سیخوری بەسەر هەردوو پاڵاوگەی ئەموای و کاردۆن کردووە.
 
پاڵاوگەی کاردۆن رۆژانە توانانی بەرهەمهێنانی 305 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە. مادۆرۆ زیاتر روونیکردەوە، ئەو سیخورە ئەمریکییە، کارمەندی هێز پیادەی دەریاوانی ئەمریکا مارێنز بووە لە دەزگای  ناوەندی هەواڵگری ئەمریکی لە عێراقدا کاریکردووە، لەکاتی دەستگیرکردنەکە چەکی قورس و دۆلارێکی زۆری پێبووە و خەڵکی دیکەشی لەگەڵدا دەستگیرکراون و رادەستی ئۆفیسی داواکاری گشتی کراون.
 
پێشتریش دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا رایانگەیاند، هەوڵێکی تەقاندنەوەی پاڵاوگەوی نەوتی ئیل بالیتۆ پووچەڵکردەوە کە 120 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا دوورە.
 
مانگی رابردوو، دادگای ڤەنزوێلا سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەر دوو سەربازی پێشووی ئەمریکا سەپاندن، کە هەوڵیاندابوو لە 3ـی ئایاری رابردوو بە چەکەوە لە رێگەی دەریاوە لە ئەمریکای باشوور بێنە ڤەنزوێلا بە ئامانجی رووخاندنی نیکۆلاس مادۆرۆ.