ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕێگای کوردستان-ڕێبین

 بەگوێرەی دەزگە و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە کۆچ و کۆچبەران شەپۆڵێکی دیکەی کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئەوروپا دەستیپێکردووە. دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دووپات لەوە دەکاتەوە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە پێنج سەد هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوروپا کۆچیان کردووە.

بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای لووتکە بۆ ئاوارە و پەنابەران، لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ٥٦٢ هەزار و ٢٩٣ هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردووە. لەو ماوەیەدا ٤١٦ حالەتی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێن بوون لەناو کۆچبەران تۆمار کراوە، بەشێوەیەک تەرمی ٢٤٥ کۆچبەر گەیەنراوەتەوە هەرێمی کوردستان و ١٧١ کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێنن.

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ئەو ڕێکارانەی حکوومەت و دەوڵەتەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتایەکە لەبەریانگرت، بەتایبەت داخستنی فڕۆکەخانە و سنوورەکان، هۆکاربوو لەوەی لە مانگی ئازار تا تەمووزی ٢٠٢٠ ژمارەی کۆچ بەرەو داکشان بچێت، بەڵام لەگەڵ کرانەوەی سنوور و فڕۆکەخانەکان جارێکی دیکە شەپۆڵی کۆچ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووەتەوە، کە بەپێی ئامارەکانی دەزگای لووتکە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٢ هەزار کەس بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە، کە ٢٧ لە کۆچبەرەکان گیانیان لەدەستداوە و تەرمی ١٢ لە قوربانییەکان گەیشتووەتەوە هەرێمی کوردستان و ١٥یشیان بێسەروشوێنن.

بەپێی بەدواداچوونی (ڕێگای کوردستان) ئێستا گەنجانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە بەرەو ئەوروپا کۆچ دەکەن، پاش ئەوەی لەڕێگەی کونسڵخانەی تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان ڤیزای گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە وەردەگرن و لەوێشەوە لەڕێگەی قاچاخچییەکانەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچ دەکەن. هەندێک زانیاریی دووپات لەوە دەکەنەوە ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ داواکاری وەرگرتنی ڤیزا پێشكەش بە کونسڵخانەی تورکیا دەکرێت.

شەپۆڵی کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستان بەرەو وڵاتانی دەرەوە لەکاتێکدایە کە ئێستا وڵاتان بەگشتی سنوورەکانیان توندتر کردووە و زۆریش خەریکی ناردنەوەی پەنابەرانن. لەناویاندا وڵاتی بەریتانیا کەمپێکی سەربازی دروستکردووە بەمەبەستی کۆکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی تا ئێستا مافی مانەوەیان وەرنەگرتووە و بەنیازە لەوێوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگێڕێتەوە.

هەندێک لە ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٣١ هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە کە تەمەنیان لەسەرووی ١٨ ساڵەوەیە، تا دێت ژمارەی پەنابەران زیاتر هەڵدەکشێت.

لوسیانا لامبۆرگێس وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لە ئابی ئەمساڵ ئاشكرای کرد؛ ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئیتاڵیا بەڕێژەی ١٤٩٪ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هەڵکشاوە. داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا ڕوونی دەکەنەوە؛ لە نێوان ١ی ئابی ٢٠١٩ تا ٣١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ بە ژمارە ٢١ هەزار و ٦١٨ کۆچبەر بە نایاسایی گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، بەڵام لەماوەی نێوان ١ی ئابی ٢٠١٨ تا ٣٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ تەنیا هەشت هەزار و ٦٩١ کۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتەکە.

تێکشکانی بەلەم و یەختەکانی گواستنەوەی کۆچبەران لە دەریاکاندا، وەک ڕووداوێکی ڕۆژانەی لێهاتووە، ٢٦ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە دەریای ناوەڕاست و نزیک کەناراوەکانی لیبیا بەلەمێکی پەنابەران بە ١٢٠ سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت، بەپێی فیدراسیۆنی پەنابەران لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری لیبیاوە ١٠٥ پەنابەر ڕزگارکراون و تەرمی ١٥ پەنابەری دیکە لە دەریا دەرهێنراون.

هەر بەپێی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق و کوردستان ئەو پەنابەرانەی لە دەریای ئیجەوە بەرەو یۆنان دەڕۆن، زۆرینەیان ڕاستەوخۆ لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری یۆنانەوە دیپۆرت دەکرێنەوە، بەبێ گوێدانە ئەو مەترسییانەی پەنابەران لە دەریادا و لەکاتی گەڕانەوەدا تووشی دەبن. چەندین جاریش لەکاتی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرەکاندا، تێکشکان و ژێرئاوکەوتنی بەلەم و یەختەکان تۆمار کراوە، وەک ئەوەی لە ١٩ی ئەیلوولی ئەمساڵدا، پاش گێڕانەوەی بەلەمێکی چووپی پەنابەران، کە ١٩ پەنابەری لەسەر بووە، بەلەمەکە ژێرئاو دەکەوێت و یەکێک لە پەنابەرەکان دەخنکێت و ١٨ی دیکەیان لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری تورکیاوە ڕزگار دەکرێن.