ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-ئاودێر

 حزبی شیوعى کوردستان هەڵمەتێکى فراوان دژى بەتایبەتیکردنى کەرتى کارەبا ئەنجام دەدات و بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان هەزاران واژۆ کۆبکرێنەوە، یەکێک لە ڕێکخەرانى هەڵمەتەکەش جەخت لە گرنگى بەدەنگەوە چوونى هاووڵاتییان و کارى بەردەوامى حزبەکەى لەپێناو ڕێگریکردن لە بەتایبەتیکردانى کەرتەکان دەکاتەوە.

ماوەى هەفتەیەکە لەزۆربەى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان، هەڵمەتێکى سەرتاسەرى فراوان بەمەبەستى کۆکردنەوەى واژۆ دژى بەتایبەتیکردنى کەرتى کارەبا لەلایەن حزبی شیوعى کوردستانەوە دەستى پێکردووە و بڕیارە تا چەند ڕۆژى داهاتووش بەردەوامى هەبێت، هەڵمەتەکە لە هەر ناوچەیەک بەشێوازێک دەبێت و ئامانج لێی دروستکردنى فشارە لەسەر حکوومەتى هەرێم بۆ ڕێگریکردن لەو هەنگاوە.

عەلى موختار بەرپرسی کۆمیتەى محەلى ئازادى و ئەندامى سەرکردایەتى حزبی شیوعى کوردستان، ڕاى دەگەیەنێت؛ هەڵمەتى کۆکردنەوەى واژۆکان لەسنوورى پشدەر و بتوێن (حەوزى ڕاپەڕین) بەچەند شێوەیەک بەڕێوە دەچێت، لەوانە کردنەوەى کەمپین لە شوێنە گشتییەکان، گەڕان بەناو ماڵان و بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەندامەکەى سەرکردایەتى حزبی یوعى کوردستان باس لەوەش دەکات کە ئامانجى هەڵمەتەکەیان گەیاندنى پەیامێکە بۆ دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان بەوەى هاووڵاتییان لەگەڵ بەتایبەتیکردنى کەرتەکان نین؛ "دەسەڵات دەیەوێت سەرجەم کەرتە خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت بکات، خەڵکى ئێمەش ئەم هەموو بەتایبەتیکردنەى قبوڵ نییە و لە توانایدا نییە".  عەلى موختار بەرپرسی کۆمیتەى محەلى ئازادى باس لەوەش دەکات کە جگە لە هەڵمەتى کۆکردنەوەى واژۆ دژی بەتایبەتیکردنى کەرتى کارەبا، هاوکات لە سنوورى ڕاپەڕین هەڵمەتێکى فراوان بۆ لێکردنەوەى پێوەرى ئاوى ماڵان دەستى پێکردووە، ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە بوونى هۆشیاری لەلایەن هاووڵاتییانەوە و ناڕازی بوونیان بەرانبەر بەم بەتایبەتیکردنەى کەرتە خزمەتگوزارییەکان هەنگاوێکى گرنگە، چونکە دواجار لەئەگەرى جێبەحێکردندا زیانمەندى یەکەم هاووڵاتییان دەبن. عەلى موختار بەرپرسی کۆمیتەى محەلى ئازادى و ئەندامى سەرکردایەتى حزبی شیوعى کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان هەموو چالاکییەک بۆ خزمەتگوزارى و دەستەبەرکردنى مافەکانى خەڵک بە ئەرکى خۆیان دەزانن و "کارى حزبی شیوعییە فشار لەسەر دەسەڵاتداران بۆ باشترکردنى ژیانى هاووڵاتییان بکات".

لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا، حزبی شیوعی کوردستان لەبەرانبەر بەتایبەتی کردنی کەرتی کارەبا و فرۆشتنی تەواوی ئەم کەرتە بە کەرتی تایبەت ناڕەزایەتى جۆراوجۆرى دەربڕیوە و جەختى لە ڕاگرتنی تێکڕای هەنگاوەکانی بە تایبەتکردنی بوارەکانی ژێرخانی کوردستان کردووەتەوە کە بە شێوەیەکی ڕەها و بەپێی ڕەچەتەکانی بەنکی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت.

ئەحمەد شێروانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی کۆمیتەی محەلی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان بە بایەخەوە باس لە کارى بەردەوامى حزبی شیوعى کوردستان دژى بەتایبەتیکردنى کەرتەکان دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆریانداوە بۆ ڕێگریکردن لە بەتایبەتیکردنی کەرتە گشتییەکان، جەخت دەکاتەوە کە ئەوان لە دژایتیکردنى بەتایبەتیکردنى کەرتەکان بەردەوام دەبن؛ "لەسەرەتادا خەڵکی زۆر بێئاگا بوو لەم پرسانە، ئێستا زۆر کەرتی گەشتی بەرەو بەتایبەتی بوون هەنگاو دەنێن، وەکو کارەبا، تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان، ئەمانەش هیچی لەبەرژەوەندی هاووڵاتییان نییە، ئەگەر بێت و ئەمە وەک ئەوەى دایانناوە سەربگرێت، لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا هاووڵاتییان زیانێکی زۆر لەم بەتایبەتیکردنەی کەرتە گشتییەکانە دەبینن".

ماوەى چەند ساڵێکە هەوڵێکى زۆر لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە بۆ بەتایبەتیکردنى کەرتە گشتییەکان هەیە و ئێستایش جگە لە کەرتى تەندروستى و پەروەردە، بەشێکى زۆرى کەرتە خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتیکراون، یاخود لەناو پرۆسەکەدان، کە دوواینیان بەتایبەتیکردنى کەرتى کارەبایە، بەشێوەیەک لەماوەى ڕابردوودا کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ڕاى گەیاندبوو لە مانگی 12ی ئەمساڵدا پرۆسەی بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

حزبی شیوعى کوردستان بۆچوونى وایە کە ئەم شێوازى بەتایبەتیکردنەى کە لەماوەى ساڵانى ڕابردوودا حکوومەتى هەرێمى کوردستان پەیڕەوى کردووە و لەسەرى بەردەوامە، لە چەندین دەوڵەتی دیکەش پیادەکراوە و ئاکامی خراپی وەدەستهێناوە و نەبۆتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری، و بە پێچەوانەوە قەیرانە ئابوورییەکانی قوڵتر کردۆتەوە، هەر لەو سۆنگەیەوە و لەپێناو پاراستنی ئابووری کوردستان و بنیاتنانەوەی بناغەی ئابوورییەکی نیشتمانی سەرکەوتوو کە سەربەخۆیی ئابووریی بە مانا فراوانەکەی جێبەجێ بکات، پڕۆژە و بەرنامەى تایبەتى هەبووە.