ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕێگای کوردستان-ڕێبین

 بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی قوتابخانە حکوومییەکان بەتایبەت لە قوناخەکانی خوێندنی ئامادەیی لە کورتی داوە، لەبەرانبەر هەڵکشانێکی خێرا لە ژمارەی قوتابخانەکانی کەرتی تایبەت، ئەوەش هاوشانە لەگەڵ سیاسەتی حکوومەتی هەرێم لە بەتایبەتکردنی کەرتی پەروەردەدا.

  قوتابییان و قوتابخانە لە کوردستاندا

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ئەمساڵی خوێندندا، شەش هەزار و ٤٢٩ قوتابخانە هەیە، کە لە باخچەی ساوایان، قوتابخانەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە پێکدێن، هەروەک بەگوێرەی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩ لە هەرێمی کوردستاندا شەش هەزار و ٢٩١ قوتابخانە هەبوون کە ٥٣٤یان باخچەی ساوایان بوون. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە ڕوونی دەکەنەوە لەماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧دا بەگشتی شەش هەزار و ٢٦٥ قوتابخانە هەبوون.

بەدواداچوونەکانی (ڕێگای کوردستان) ڕوونی دەکەنەوە، لە هەرێمی کوردستاندا، هەڵکشانێک لە ژمارەی باخچەکانی ساوایان ڕوویداوە، بەڵام لە بەرانبەر داکشانێک لە ژمارەی قوتابخانەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی. بۆنموونە ژمارەی باخچەکانی ساوایان لە ٤٧٥ باخچەی ساوایان لەوەتەی ساڵی خوێندنی ٢٠١٤-٢٠١٥دا بۆ ٥٣٤ باخچەی ساوایان لەماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩ هەڵکشاوە، بەڵام ژمارەی قوتابخانەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی لە پێنج هەزار و ٧٩٠ قوتابخانە لەماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦ بۆ پێنج هەزار و ٧٥٧ قوتابخانە لەماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩ لە کورتی داوە، ئەوەش بەمانای کەمبوونەوەی ٣٣ قوتابخانە لەو ماوەیەدا.

داکشانی ژمارەی قوتابخانەکانی حکوومی لە هەرێمی کوردستاندا، هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەی قوتابییان لە قۆناخەکانی بنەڕەتی و ئامادەییدا، بۆنموونە لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦دا یەک ملیۆن و ٥٤٥ هەزار و ٢٤ قوتابی هەبوون، بەڵام لەماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩ بۆ یەک ملیۆن و ٦٠٩ هەزار و ٢٦٨ قوتابی بەرزبووەتەوە. بەو شێوەیە ٦٤ هەزار و ٢٤٤ قوتابی زیادیان کردووە، لە بەرانبەر کەمبوونەوەی ژمارەی قوتابخانەکاندا. ئەوەش هەڵکشانی ژمارەی قوتابییانی لە پۆلەکانی خوێندندا دروستکردووە.

داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاماژە بە کەمبوونەوەی ژمارەی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان دەکەن، لەکاتێکدا ساڵی خوێندنی ٢٠١٧-٢٠١٨ بە دیاریکراوی ١١٦ هەزار و ٧٨ مامۆستا لە قوتابخانە حکوومییەکاندا هەبوون، ئەو ژمارەیە لەماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٨٩دا بۆ ١١٤ هەزار و ٨٥٣ مامۆستا لە کورتی داوە، بەو شێوەیە هەزار و ٢٢٥ مامۆستا کەم بوونەتەوە، بەڵام هەر لە ماوەی ئەو ساڵەدا بەدیاریکراوی ٢٨ هەزار و ٦٦ قوتابی زیادیان کردووە، بەو شێوەیە ژمارەی قوتابییان بەراورد بە مامۆستایان لە کورتی داوە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی دروستکردووە لەسەر ستانداردەکانی ڕەچاوکردنی ژمارەی مامۆستا بەپێی قوتابییان.

ژمارەی قوتابخانەکان بەگوێرەی پارێزگاکان جیاوازە و بەجیاوازییش بەرز و نزمی تێکەوتووە، بۆنموونە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦دا زۆرترین قوتابخانە تۆمار کراوە کە دوو هەزار و ٢٦٢ قوتابخانەیە، بەڵام لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩ ژمارەکە بۆ دوو هەزار و ١٣٩ قوتابخانە لە کورتی داوە. واتە ١٢٣ قوتابخانە کەم بووەتەوە. لە پارێزگای سلێمانی، دوو هەزار و ١٤٣ قوتابخانە وەک بەرزترین ژمارەی قوتابخانە لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٢-٢٠١٣ تۆمار کراوە، بەڵام ژمارەکە لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩دا بۆ هەزار و ٩١٢ قوتابخانە لە کورتی داوە، بەو شێوەیە ٢٣١ قوتابخانە لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە کورتییان داوە. ئەو داکشانە لە ژمارەی قوتابخانەکاندا، گرێدراوە بە چەند هۆکارێکەوە، لەناویاندا تێکەڵکردنی قوتابخانەکانی سەرەتایی و ناوەندیی، هەروەک هەڵوەشاندنەوەی قوتابخانەکانی لە باڵەخانەی کرێدا بوون، ئەوەش لەپاش ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە زەقی دەرکەوت.

هەرچی پەیوەندی بە پارێزگای دهۆکەوە هەیە، بەرزترین ژمارەی قوتابخانە لەماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠١٣-٢٠١٤ بە هەبوونی هەزار و ٥٩٠ قوتابخانە تۆمار کراوە، بەڵام لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩دا ژمارەکە بۆ هەزار و ٥٧٣ قوتابخانە لە کورتی داوە، واتە تەنیا ١٧ قوتابخانە کەم بووەتەوە.

کەمی ژمارەی قوتابخانە بەراورد بە ژمارەی قوتابییان بارودۆخێکی نائاسایی دروستکردووە، بەڕادەیەک وەک لە داتاکانی وەزارەتی پەروەردەدا دەردەکەوێت، لە ساڵی ٢٠٠٤دا ژمارەی قوتابییان بۆ هەر قوتابخانەیەک لە قۆناخی سەرەتایی ٢٩١ قوتابی و لە قۆناخی ئامادەیی ١١٩ قوتابی بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا، ژمارەی قوتابییان بۆ هەر قوتابخانەیەک لە قۆناخی بنەڕەتی ٢٥٤ قوتابی و لە قۆناخی ئامادەیی ٣٥٣ قوتابی بووە.

 

 

کێشەی پسپۆریی و بڕوانامەی مامۆستایان

بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە مەرجەکانی وەزارەتەکە بۆ دامەزراندنی مامۆستایان ئەوەیە کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت، بەڵام ئامارەکانی وەزارەتەکە دووپات لەوە دەکەنەوە کە زۆرترین مامۆستایان بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە. بەشێوەیەک کە بەڕێژەی ٣٦.٩٦٪ی مامۆستایان لە کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن، ئەوە لەکاتێکدا بەپێی مەرجی نوێی وەزارەتی پەروەردە ناکرێت هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم وانە بڵێتەوە. داتاکانی وەزارەتەکە ڕوونی دەکەنەوە لەماوەی ساڵی ٢٠١٦دا، بەڕێژەی ١٥.٥٨٪ی مامۆستایان هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە کۆلیژی پەروەردە و بەڕێژەی ٢٢.٩٧٪ هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریس لە کۆلیژەکانی دیکە بوون، دەرچووانی خانەی مامۆستایان بەڕێژەی ٥.٩٠٪ و پێگەیاندنی مامۆستایان بەڕێژەی ٥.٧٩٪ و ئەوانەی دیکە لەڕێژەی ٢٪ کەمتر پێکدێنن، لەناویاندا دەرچووانی خولی پەروەردەیی، ئامادەیی ئەکادیمی، ئامادەیی پیشەیی، پەیمانگەی هونەرە جوانەکان، پەیمانگەی تەکنیکی، باخچەی ساوایان و ...هتد.

جگەلەوە، یەکێک لە گرفتەکانی دیکەی ناوەندەکانی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان، زۆری ژمارەی قوتابییانە بەپێی ژمارەی مامۆستایان. وەزارەتەکە خۆی دانی بەوەداناوە؛ "لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی پەروەردە نەیتوانیوە بەشێوەیەکی ڕێکخراو و زانستییانە مامۆستا دابمەزرێنێت و دابەشیان بکات بەسەر پەروەردەکاندا، مامۆستایەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەبێ پشتبەستن بە داتا و دیاریکردنی پێویستی مامۆستا لەئاستی پەروەردە و قوتابخانەکاندا دامەزراون و دابەشکراون".

وەزارەتەکە ڕای گەیاندووە؛ لە ساڵی ٢٠١٦دا، ڕێژەی قوتابی/مامۆستا لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا ١٤ بووە، واتە بۆ هەر ١٤ قوتابی مامۆستایەک، ئەوەش وەکوو داتا بەباش هەڵسەنگێندراوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ژمارەی مامۆستایان بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر قوتابخانە و پەروەردەکاندا دابەش نەکراون، ئەوەش وایکردووە لە هەندێک پەروەردە و قوتابخانە ڕێژەی قوتابی بەپێی مامۆستا بە تەواوەتی بەرزببێتەوە.

  هەڵکشانی ژمارەی قوتابخانە تایبەتەکان

لەماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧دا، لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، ٢٦٤ قوتابخانەی تایبەت لە باخچەی ساوایانەوە تا پەیمانگەی تایبەت هەبوون، ژمارەکە لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٧-٢٠١٨دا بۆ ٣١١ قوتابخانەی تایبەت بەرزبووەوە، کە زیاتر لە ٦١ هەزار قوتابی تیایاندا دەیانخوێند.

کردنەوەی قوتابخانەکانی تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا، هۆکار بوو لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستای بەتوانا و خاوەن ئەزموون لە قوتابخانە حکوومییەکانەوە بگوزانەوە بۆ قوتابخانە تایبەتەکان، لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێم سیستەمی زۆرەملێی پاشەکەوتی مووچەی بەسەر مامۆستا و فەرمانبەراندا سەپاند و لە ساڵانی دواتر و تا ئێستایش نەیتوانیوە مووچە بە لێبڕینەوە لەکاتی خۆیدا دابەش بکات، ئەوە هۆکار بوو لەوەی مامۆستایان دەستبەرداری قوتابخانە حکوومییەکان بن و ڕوو لە قوتابخانە تایبەتەکان بکەن.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی پەروەردە لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٠دا، بە تەواوی قوتابخانە تایبەتەکان لە باخچەی ساوایانەوە تا پەیمانگەکان سێ هەزار و ٢٩٩ خاوەن بڕوانامەیان لەخۆگرتووە. بەپێی بەدواداچوونی (ڕێگای کوردستان) ئەگەر بەرزترین ئاستی بڕوانامەی مامۆستایان لە قوتابخانە تایبەتەکاندا بڕوانامەی دبلۆمە بەڕێژەی ()، ئەوە بەرزترین ڕێژەی بڕوانامەی مامۆستایان لە قوتابخانە تایبەتەکاندا، بەکالۆریۆسە، بۆنموونە لەکۆی هەزار و ٣٢٤ مامۆستا لە قوتابخانە تایبەتەکانی پارێزگای هەولێردا، ٨٠١ مامۆستا هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریس و تەنیا ٤٤ مامۆستا هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم و ٤١٥ هەڵگری بڕوانامەی ڕێنماییکاری پەروەردەیی و بڕوانامەی دی، لەپاڵ ٥٨ بڕوانامەی ماستەر و تەنیا شەش لە هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا. ئەوە لەکاتێکدا کە پێش ساڵێک وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێم لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانەی قوتابخانە ناحکوومییەکان لە ئابی ٢٠١٩دا، بانگەشەی ئەوەی دەکرد؛ خوێندنی ناحکوومی هەلی کار بۆ شەش هەزار لەدەرچووانی زانکۆکان دەڕەخسێنێت.