ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕێگای کوردستان-تایبەت

د. کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ (کوردستان ٢٤)، هەڵوەستە لەسەر سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە بەغدا دەکات و ڕای دەگەیەنێت ئەو ڕووداوە پەیوەندی بە لایەنێکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەڵوێست لە بەرانبەر مافەکانی گەلی کوردستان هەیە.هەروەک پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات و بە پێویستی دەزانێت لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، بیر لە سەقامگیری و گوتاری هاوبەش و هەنگاوی بنیاتنەرانە بنرێت بە ئاراستەی سەربەخۆیی ئابووری و ناچارنەبوون بۆ گەڕانەوە بەرەو بەغدا. بەهۆی بایەخی ناوەڕۆکەکەیەوە، (ڕێگای کوردستان) دەقی چاوپێکەوتنەکە وەک خۆی بڵاو دەکاتەوە.

ئاڵای کوردستان کە ڕەمزی نەتەوەیەکە و زیاتر لە نیوە سەدە کورد بەخوێنی خۆی پاراستوویەتی، لە بەغدای پایتەختی عێراق لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبییەوە دەسووتێنرێت، ئەوە چی دەگەیەنێت، کە پێچەوانەی دەستوور و یاساکان و بنەماکانی نێودەوڵەتییە کە بۆ پاراستنی هێماکانی نەتەوەکان ڕەچاو دەکرێت؟

د. کاوە مەحموود؛ پێم وایە ئەم ڕووداوە ڕووداوێکی چاوەڕوانکراو بووە، بەشێکە لەو هەڵمەتەی ئەوەی پێی دەڵێن دەوڵەتی قووڵ، ئەو دەوڵەتەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ حوکم دەکات، کە بریتییە لە دەوڵەتی حەشدی شەعبی و ئەو لایەنە دەرەکییانەی پشتگیری دەکەن، کە بەڕاستی هەموو جومگەکانی سیاسەت لە عێراقدا ئەوان بەڕێوەی دەبەن و هاندانێکە بۆ گوتاری ڕق و کینە، ئەو گوتارەش لەڕاستیدا لەناو جەماوەری عەرەبدا بەداخەوە بڵابووەتەوە، بەهۆی لاوازی نەریتی دیموکراتی و هێزە دیموکراتییەکان لە عێراق دا. جگەلەوە ئەم حالەتە بەدەر نییە لە هەموو حالەتەکانی تر، کە ئەگەر کۆی بکەیتەوە هەر هەمووی دەخرێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی دەستوور، لەڕاستیدا جێبەجێ نەکردنی مادەی ١٤٠ پێشێلکردنی دەستوورە، نەبوونی ئەنجوومەنی فیدراڵی پێشێلکردنی دەستوورە و دەیان بابەتی دیکە هەیە کە پەیوەندی بە مافەکانی گەلی کوردستانەوە هەیە، بەردەوامبوونی تەعریب لە کەرکووک و هەندێک شوێنی دیکە پێشێلکردنی دەستوورە، ئەوەی هاتووە لەمەڕ سووکایەتیکردن و ئیهانەکردن بە ئاڵای کوردستان بەشێکە لەو تەوژمە و ئەو ئاراستەیە بەردەوام دەبێت، ئەو ئاراستەیە ئەم پرسیارەمان دێنێتە پێشەوە؛ ئایا پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا کە لە دوای ٢٠٠٣ەوە دەستیپێکردووە لەسەر بنەماکانی تەوافووق و بەشداریکردن و هاوسەنگی، ئایا ئەو پرۆسەیە ماوە؟ پێم وایە ئەوەی ڕوودەدات دیسانەوە بەشێکە لە قەیرانی لە قەیرانی دەوڵەتی عێراق، قەیرانی دەوڵەتی عێراق بەم حاڵەی کە ئیدارەی کاری سیاسی پێدەکرێت لە عێراقدا پێم وا نییە چارەسەر بکرێت. دەمێنێتەوە، ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە ڕووداوە بکەین؟ من پێم وایە ئەمە زەنگێکی دیکەیە بۆ هەموو لایەنە کوردستانییەکان کە دەبێت لەسەر ڕادەی نزمی بەرنامەیەکی هاوبەش یەکگرتووبن، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە مەسەلەی نیشتمانییەوە هەیە، من پێم وایە سووتاندنی ئاڵای کوردستان و هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی، ئەگەر هەر حزبێکی دیکەی کوردستانی بێت، ئەگەر هەڵوێست وەربگرێت بە پێچەوانەی هەڵوێستی ئەوان، دیسانەوە ئەو کارە دەکەن، مەسەلەکە پەیوەندی بە پارتییەوە نییە، بە بۆچوونی من پەیوەندی بە هەڵوێستەوە هەیە بەرانبەر بە هەموو گەلی کوردستان و بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان. لێرەدا ئەرکەکان لە کوردستان زۆر دەبێت، دەبێت بیر بکرێتەوە لە سەقامگیری سیاسی کوردستان و بیر بکرێتەوە کە ئێمە کار بۆ سەربەخۆیی ئابووری بکەین کە چاوەڕێی بودجە و مووچەی بەغدا نەکەین، بیر بکرێتەوە کە ئێمە هەنگاوەکانمان بەرەو سەربەخۆیی بەشێوەیەکی بنیاتنەرانە بێت، واتە هەنگاوی تەواوبنێین بۆ سەربەخۆیی ئابووری، سەربەخۆیی لە بوارەکانی دیکە کە بتوانین ئێمە ناچاری بەغدا نەبین. پێم وایە دیسانەوە ئەرکمانە کە گوتارێکمان هەبێت بۆ ڕای گشتی عەرەب لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، بۆ ئەوەی پێیان بڵێین کە گەلی کوردستان بە کاردانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە دزێوە ناکات کە پێم وا نییە ئەوە ڕەنگدانەوەی وتار و لێدوانێک بێت کە بەڕێز زێباری باسی کردبێت، چونکە ئەگەر ڕەنگدانەوەی ئەوە بێت، دەکرێت ئەوانیش لێدوانێک بدەن و بە لێدوانێک وەڵامی بدەنەوە، بەڵام پێم وایە بابەتەکە لەوە فرەوانترە.

ئێوە ئاماژەتان بەوە کرد کە ئەم ڕووداوانە چاوەڕوانکراون، لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ ئەم گرووپانە کە ئێران پاڵپشتییان دەکات دەیانەوێ سەقامگیری عێراق تێکبدەن کە هێرشیان کردە سەر ڕەمزێک کە ئاڵای کوردستانە، پێتان وایە ئێستا ئامانجی سەرەکی ئەو گرووپانە حکوومەتەکەی کازمییە یان بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە؟

د. کاوە مەحموود؛ لەڕاستیدا خۆی هەڵوێستێکی پێشوەخت هەیە سەبارەت بە مافەکانی گەلی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێم وایە توانیویانە ڕای گشتی لە عێراق تەیار بکەن بۆ ئەو هەڵوێستە کە دژایەتی مافەکانی گەلی کوردستان بکرێت. هەوڵی ئەوە بدرێت کە ئەگەر بۆیان بکرایە بە تەواوی هەرچی ئەو مافانە هەیە کە لە دەستووری عێراقدا هەیە و بەشێکی زۆریشی جێبەجێ نەکراوە، ئەو حالەتانەی کە ئێستا بە ئەمری واقیع هەیە و لەلایەن پێشمەرگەوە پارێزراوە، ئەوانەیش وەربگرنەوە. لەبەرئەوە من پێم وا نییە تەنانەت حکوومەتی کازمییش لە هەندێک حالەتدا و لەوانەیە لەم ڕووداوەی کە ڕوویداوە داوای لێکۆڵینەوە بکات و دوو کەس سێ کەس بگرێت، بەڵام پێم وا نییە حکوومەتی کازمی بتوانێت چارەسەری ئەو کێشانە بکات، دەمێنێتەوە ئەو حکوومەتە بە خۆی ئیفلیجە، ئەوەی حوکم بکات لەڕاستیدا میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە، ئەوانە حوکم دەکەن کە بە فتوایەکی تایفەگەری دروست بوون، هەتا دروستبوونەکەی ڕەنگە نەگونجێت لەگەڵ ناوەڕۆکی دەستووری عێراق ئەگەر تەفسیری بۆ بکەیت، بەڵام قانوونیشیان بۆ دەرکردووە، چونکە بە عەقڵیەتی زۆرینە و کەمینە مامەڵە لەگەڵ وەزعی عێراق دەکرێت.

هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بنکە و بارەگای سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بپارێزێت و بەرپرسیارێتی بخاتە ئەستۆی عێراق و داوای کردووە، کە وەڵامی ئەو لایەنانە بداتەوە کە ناویان دەنێت گرووپێکی میلیشیا کە لە دەستوور چەسپێنراون و لە یاسا لایانداوە، پێتان وایە کاردانەوەکان لەدوای ئەم ڕووداوانە چی دەبێت ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن لە بەغدا؟

د. کاوە مەحموود؛ من پێم وایە ئەم جۆرە هێرشانە بەردەوام دەبێت، ئەوە بەشێکە لەو هێرشانەی دەکرێتە سەر حزبی دیکە، بۆنموونە لە ناسریە چەند جارێک بارەگای حزبی شیوعی سووتێندراوە، لەکاتێکدا حزبی شیوعی بەشدار بووە لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩ و پێشتریش. هەروەها چەندین کەسایەتی تیرۆر کراوە، چەندین کەسایەتی ڕفێندراوە، لەبەرئەوە پێم وایە ئەم حالەتە بەردەوام دەبێت. ئەوەی پەیوەندی بە گەلی کوردستانەوە هەیە، ئەگەر ناڕەزایەتییەک هەبێت سەبارەت بەو لایەنە سیاسییانەی لە عێراقدا ئەو حالەتە لە دژیان ئەنجام دەدرێت، ئەوە دەبینین کە ناڕەزایەتی سەبارەت بەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر حزبێکی کوردستانی لەناو ڕای گشتی عێراقدا ئەوەش بەدی ناکرێت، چونکە ئەو ڕای گشتییە بەداخەوە بەو شێوازە تەیار کراوە، بۆیە من پێم وایە ئەگەر بەرپەچدانەوە یان ڕەدفعلی لایەنی کوردستانی دەبێت بیر لە هەلومەرجی ناوخۆیی کوردستانی بکاتەوە، بیر لە سەقامگیری ناوخۆیی کوردستانی بکاتەوە، بیر لەوە بکاتەوە چۆن دەتوانێت گوتارێکی یەکگرتووی کوردستانی دروست بکات، بیر لەوە بکاتەوە کە چحن پێداویستییەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵوێستە سیاسییەکانی لەلایەن جەماوەر و خەڵکی کوردستانەوە بە تەواوەتی پشتگیری بکرێت، لە هەمان کاتیشدا دووپاتی ئەوە دەکەینەوە کە ئاڵای کوردستان موڵکی هیچ کەس و لایەنێکی کوردستانی نییە، ئاڵای کوردستان موڵکی هەموو تاکێکی کوردستانییە، کە داکۆکی لە شکۆی ئاڵا و شکۆی نیشتمانی کوردستانی بکات.

لەگەڵ ئەوەی کە حکوومەتی مستەفا کازمی لەگەڵ هەرێمی کوردستان توانیویەتی کۆمەڵێک ڕێککەوتن بکات کە بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەم دەدرێت، بەتایبەتی ئەو ڕێککەوتنەی لە پرسی شەنگال کرا، پێتان وایە لە ئەگەری بەردەوامی ئەو کێشە و ناکۆکییانەی لەنێوان حکوومەتی عێراق و ئەو میلیشیایانەی لەوێ هەن، هەڵوێستیان بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چی بەسەر دێت؟

د. کاوە مەحموود؛ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا تا ئێستا هەنگاوێکی بەکردەیی نەنراوە بۆ ئەو پەیوەندییانە، تەنانەت ئەو ڕێککەوتننامەی پەیوەندی بە شەنگالەوە هەیە، ئێمە وەکوو حزبی شیوعی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشمان بڵاو کردووەتەوە سەبارەت بە بۆچوونەکانمان لەوبارەیەوە، دیسانەوە ئەو پەیوەندییە بە ئاسانی و تەنانەت جێبەجێیش بکرێت، چونکە لە کۆتاییدا ئەوەی کە ئامرازی جێبەجێکردنیەتی، دیسانەوە پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە هەیە، واتە هێزێک هەیە کە پێی دەگوترێت دەوڵەتی قووڵ(پەرەڵێڵ) ئەوانە بە ڕاستەوخۆ ئیدارەی وەزعی عێراق دەکەن، زۆریش ڕوونە ئەو دەوڵەتی قووڵە، هاوبۆچوونی هەیە لەگەڵ هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و نایانەوێت هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، چارەسەر بکرێت، ناشیانەوێت مادە دەستورییەکان کە یەکێک لەوانە مادەی ١٤٠ە، جێبەجێ بکرێت و تا ئێستا سیاسەتی تەعریب بەردەوامە، بەبێ ئەوەی حکوومەتی کازمی هەنگاوێکی کرداریی بنێت بۆ ڕاگرتنی ئەو سیاسەتە، نەک چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی.