ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وه‌ك به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا كه‌ باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا، ئیره‌ج مه‌سجیدی خسته‌ لیستی سزاكانه‌وه‌، ئێرانیش باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، ماتیۆ توله‌ر و جێگره‌كه‌ی و كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر، رۆب واله‌ر'ی خسته‌ لیستی سزاكانه‌وه.

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا و دوو گه‌وره‌ به‌رپرسی حزبوڵڵای خسته‌ لیستی سزاكانه‌وه‌، ئێرانیش به‌رپه‌رچی ئه‌و كاره‌ی ئه‌مریكا دایه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند: "به‌ تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی كاری تیرۆریستی دژی گه‌ل و ده‌وڵه‌تی ئێران، هاوكاریكردنی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش و ئه‌لنوسره‌، كوشتنی قاسم سوله‌یمان و رۆڵگێڕان له‌ سه‌پاندنی سزاكان به‌ سه‌ر ئه‌مریكادا بڕیار درا باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، ماتیۆ توله‌ر و جێگره‌كه‌ی و كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر، رۆب واله‌ر بخرێنه‌ لیستی سزاكانه‌وه".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئه‌و سێ كه‌سه‌ له‌ دژی ئێران ناویانه‌ "پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤه و له‌ میانی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزیمی ئه‌مریكادایه‌ له‌ ناوچه‌كه‌". باس له‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی راسپێدراون مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش، سه‌عید خه‌تیبزاده‌ له‌ هه‌ژماری فه‌رمیی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند "ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له‌ دژی ئێران ده‌گیرێنه‌ به‌ر بێ وه‌ڵام نامێننه‌وه‌".

دوێنێ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ رایگه‌یاند كه‌ له‌ میانی بڕیارنامه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ژماره‌ی ١٣٢٢٤ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا، ئیره‌ج مه‌سجیدی خراوه‌ته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌.

پۆمپیۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دابوو كه‌ حزبوڵڵا له‌ زۆر ناوچه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ لوبنان چالاكی له‌م شێوه‌یه‌ی ئه‌نجام داوه‌ و به‌مه‌به‌ستی گوشارخستنی زیاتر بۆ سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌ و رێگه‌گرتن له‌ توانای ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كان له‌ تۆڕه‌كانی ئابووریدا بڕیار دراوه‌ كه‌ دوو به‌رپرسی حزبوڵڵا به‌ ناوه‌كانی نه‌بیل قۆوك و حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌غدادی بخرێنه‌ لیستی سزاكانه‌وه‌.