ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بۆ یەکەمجار وەکو نوسەرێکی کورد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتی دانیمارک، خەڵاتی لۆریاڵی زێڕین بە سارا عومەر رۆماننوسی کورد بەخشرا و وەکو خۆیشی دەڵێت، ئەو خەڵاتە بە پەرتوکێک دەبەخشرێت کە لە ئاستێکی ئەدەبی بەرزدا بێت و سەرنجی رەخنەگران و خوێنەران بەلای خۆیدا رابکێشێت.

لەوبارەیەوە، سارا عومەری رۆماننوس لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، "خۆشحاڵم پێتان رابگەیەنم، کە رێککەوتی ١٨ی ئەم مانگە لە شاری کۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی (لۆریاڵی زێڕین)م پێبەخشرا".

راشیگەیاند، ئەوە خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێندراوە، ھەموو ساڵێکیش بە یەکێک لە نوسەرەکانی هەمان وڵات دەبەخشرێت. ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەکە دەدات پێکھاتوون لە رەخنەگەرانی ئەدەبیی و خاوەن کتێبخانەکانی دانیمارک.

دەشڵێت، لیژنەکە ئەو خەڵاتە بە پەرتوکێک دەبەخشن، کە ئاستێکی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی رەخنەگران و خوێنەرانی بەلای خۆیدا راکێشابێت. نوسەری براوە کەسێکە  زۆرترین خوێنەری ھەبووە و کتێبەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبووەتەوە.

سارا عومەر باسی لەوەشکردووە، زۆرێک لە نوسەرە گەورەکانی دانیمارک ئەم خەڵاتەیان بردووەتەوە و ھەر نوسەرێکیش دەتوانێت یەکجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت.


لەبارەی ناوەڕۆکی رۆمانەکانیشیەوە دەڵێت، مانای رۆمانەکانی لە بەرگریکردندایە لە ئازادیی و رێگرتنە لە سوکایەتی بە مرۆڤ.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کتێبەکانی بۆنی خوێنیان لێدێت، خوێنی ئەو ژن و کچانەی رۆژانە بە تۆمەتی جیاواز دەکوژرێن و لەدوای مردنیشیانەوە گۆڕێکیان پێ ڕەوا نابینرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سارا عومەر یەکەمین نوسەرە کە پاشخانێکی کوردیی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەبێت و لە هەمانکاتدا، پەناھەندە و گەنجترین نوسەریشە کە خەڵاتی لۆریاڵی زێڕینی پێبەخشرابێت.