سادق عه‌تییه، كه‌شناسی پێشكه‌وتووی عێراقی پێشبینییه‌كانی بۆ كهشو هه‌وای چه‌ند رۆژی داهاتووی راگه‌یاند و گوتی: پێشبینی ده‌كرێت له سبه‌یه‌وه گۆڕانكارییه‌كان ده‌ستپێبكه‌ن و كاریگه‌ری ئه‌و شه‌پۆڵه تا وڵاتانی شام و سعوودییه‌ش درێژ ده‌بێته‌وه و تا رۆژی 18 ئه‌م مانگه به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌گوته‌ی عه‌تییه، سبه‌ی یه‌كه‌م گۆڕانكاری ئه‌و شه‌پۆڵه به‌هۆی نزمه‌پاڵه‌په‌ستۆیه‌ك ده‌ستپێده‌كات، كه عێراق، وڵاتانی شام و عه‌ره‌بستانی سعوودییه ده‌گرێته‌وه، جووڵه‌ی ئه‌و نزمه پاڵه‌په‌ستۆیه له چینه به‌رزه‌كان زۆر خێرا ده‌بن و له كاتژمێره‌كانی به‌یانی رۆی چوارشه‌ممه هه‌ور و بۆرانێكی زۆر به‌ره‌و رۆژئاوای عێراق هه‌ڵده‌گرێت و دواتر به‌شێوه‌یه‌كی پله‌دار روو له هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ڕاستی وڵات ده‌كات، به‌ڵام بۆ سبه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی بارانبارین لاوازن.
كه‌شناسه پێشكه‌وتووه‌كه‌ی عێراق گوتی: سه‌رله‌به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه ده‌رفه‌تی بارانبارین ده‌ستپێده‌كات و شه‌پۆڵێكی بارانبارین شاره‌كانی نه‌ینه‌وا، ئه‌نبار، دهۆك و باكووری هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه.
دواتر شه‌پۆڵی به‌فربارین باكووری پارێزگای دهۆك، سلێمانی و باكووری هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه و پاشان ده‌گاته شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و فوراتی ناوه‌ڕاست، دواتریش شه‌وی پێنجشه‌ممه و سه‌رله‌به‌یانی هه‌ینی بارانبارین شاره‌كانی زیقار، سه‌ماوه و باكووری به‌سره و ناوچه‌كانی میسان ده‌گرێته‌وه.
به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی كه‌شناسه پێشكه‌وتووه‌كه‌ی عێراق، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تێكڕای بارانبارین له زۆربه‌ی ناوچه‌كان نمه‌باران ده‌بێت، ته‌نیا له ناوچه‌كانی دهۆك، باكووری هه‌ولێر و نه‌ینه‌وا نه‌بێت، كه لێزمه‌باران ئه‌و ناوچانه ده‌گرێته‌وه.