ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە هێرشەکانیان بۆ سەر گوندەکانی عەین عیسا و گوندەکانی گرێ سپی زیادکردوە، لە هێرشەکاندا، بە تایبەتی گوندەکانی، حوریە، خۆشان، خالدیە و رێگای ئێم4 دەکرێنە ئامانج".

ئاماژەی بەوەشکردوە، شەڕڤانەکانیان لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا، وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە، لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانیاندا، لە ناوچەکانی خۆشان و خالدیە شەڕ رویدا، لە شەڕەکەدا سێ چەکدار کوژران و حەوت چەکداریش دیکەش برینداربون.

روانگەی سوری لەدواین راپۆرتی خۆیدا لەبارەی گرژییەکانی سوریا کەوێنەیەکی دەست خەندان کەوتوە رایگەیاندوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) داوایەکی هێزەکانی روسیای رەتکردوەتەوە بۆ ئەوەی گوند و ناوچەکانی سەر رێگەی  نێودەڵەتی ناسراو بە M4 رادەستی هێزەکانی تورکیا بکات، چونکە ئەو رێگەیە دەبێتەهۆی دابڕانی هەردو شارۆچکەی عەین عیسا و کۆبانی و بۆ ئیدارەیەکی خۆسەری رێگەیەکی سەرەکی و ستراتیژییە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای رەتکردنەوەی داواکارییەکەش روانگەی سوری دیمەنی کشانەوەی  هێزەکانی روسیای لەهەردو بنکەی عەین عیسا لەپارێزگای رەققە و بنکەی مباقر لەپارێزگای حەسەکە تۆمارکردوە و مۆسکۆ کەرەستە سەربازییەکان و بەڕێوەبردنی ژمارەیەک گوند و ناوچەی ئەو سنورەشی رادەستی حکومەتی سوریا کردوە.