ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دادگاکانی ھەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و سەربەخۆییانە و دوور لە ئەجێندا و بەرژەوەندی ھیچ لایەک و دوور لە فشاری تاک و لایەنە سیاسیەکان، بڕیار لەسەر ھەموو کەیسەکان بدات.

جوتیار عادل لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە کە ھیچ کەیسێک پشتگوێ نەخرێت، لە وانە کەیسی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و ھاوژین و منداڵەکەی.

گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، راشیگەیاندووە کە مەسرور بارزانی داوا لە ھەموو لایەک دەکات، خۆیان نەکەنە جێگرەوەی دادگاکان.

ئەم راگەیاندراوەی گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، لایەنەکان دەستیان لە كاروباری دادگا وەرداوە بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازادبكرێن کە تۆمەتبارن بەهێرشکردنەسەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، غالب محەمەد.

 

ئێوارەی رۆژی هەینی رێککەوتی ٢٦ی شوباتی رابردوو، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری سلێمانی بە چەقۆ هێرشکرایە سەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی هاوپەیمانی هیوای کوردستانی، غالب محەمەد و بریندار کرا.