ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە کاتژمێری ١٢ی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەوە بازگەکانی پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دادەخرێن.

پارێزگای هەولێر لە ئاگاداریینامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە تەنها رێگە بە هاتوچۆی شاندە فەرمییەکانی حکوومی و دیپلۆماتی و ھاوپەیمانان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکان دەدرێت.

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم بڕیارە ھاتوچۆی ھاووڵاتییانی پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگای ھەولێر ناگرێتەوە.

بەپێی بەیانی ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢١ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە رێککەوتی ٢٣ی شوبات بڵاوکراوەیەوە، بڕیاردرابوو بە سنووردارکردنی هاتنی گەشتیاران لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان جگە لە ئاژانس و رێکخراوەکانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانان و دیپلۆماتکاران و شاندە فەرمییەکان و ئەوانەی سەردانی پزیشک دەکەن بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان.

هەروەها بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی عێراق، وەک هەنگاوێک بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رۆژانی هەینی، شەممە و یەکشەممەی هەموو هەفتەیەک جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی راگەیاندووە.