ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سازدانی: هێرش مغدید

دكتور رێباز سەمیر، یەكێكە لە دكتۆرە گەنجەكان لە بواری دەم‌و ددان لە شاری هەولێر، لە گۆشەی یەك پرسیار لێمان پرسی: چۆن بتوانین گرنگی بە دەم‌و ددانەكانمان بدەین و بۆ ماوەیەكی زۆر پارێزگاری لە مانەوەیان بكەین؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا د.رێباز ئەو شێوەیە وەڵامی دایەوە:

هەر وەكو ئەندامەكانی تری جەستەی مرۆڤ پێویستە گرنگی بە تەندروستی ددانەكانمان بدەین و پارێزگارییان لێ بكەین بۆ ئەوەی چێژ وەرگرین لە كاتی نان خواردن و پێكەنین و قسەكردندا، بۆیە پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارە بكەین؛

یەكەم/ كەمكردنەوەی خواردن و خواردنەوە زیانبەخشەكان وەكو؛ خواردنەوە گازییەكان و ئەو خواردنانەی كە ڕێژەكی زۆر شەكری تێدایە كە هۆكارە بۆ خێراكردنی گەشە و زیادكردنی ئەو بەكتریایانەی كە ددان كلۆر دەكەن.

دووەم/ گرنگی ددان بە خاردنی ئەو میوە و سەوزانەی كە ڕیشاڵی زۆری تێدایە وەكو؛ گێزەر، خەیار و سێو. كە وادەكات لیكی دەم زیاد بكات و بەمەش ددانەكان پاك دەبێتەوە بە شێوەیەكی سروشتی.

سێیەم/ لانی كەم ڕۆژانە دوو جار ددان بشۆردرێت بۆ ماوەی دوو خولەك بە شێوەیەكی زانستی.

چوارەم/ بەكارهێنانی داوی ددان (Dental Floss) ڕۆژانە یەكجار دوای ددان شوشتن، كە هۆكارە بۆ لابردنی پاشماوەی خۆراك لە نێوان كەلێنی دوو ددانی تەنیشت یەك.

پێنجەم/ سەردانی كردنی پزیشكی ددان بۆ پشكنینی ددانەكان و ئاگادار بوون لە هەر كێشەیەكی هەستپێنەكراو لە دەم ددانەكان.

شەشەم/ هەبوونی هۆشیاری تەندروستی و نەكەوتنە ژێر كاریگەری بەشێك لەو ڕێكلامانەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكرێت بە مەبەستی جوانكاری دەم و ددان لە ژێر جۆرەها ناوی بریقەدار، كە تێیدا تەنها یەك ڕووی چارەسەرییەكە باس دەكرێت و باسی داهاتووی ددانەكە ناكرێت كە چی بەسەر دێت و بۆی هەیە چەندین كێشە بۆ نەخۆشەكە دروست بێت وەكو كلۆر بوونی ددانەكان و هەوكردنی پوكەكان كە چەندین نەخۆش بە دەستی دەناڵێنن و چارەسەری و ڕێكخستنەوەی كارێكی ئاسان نییە، چونكە لە سەرەتادا بەشێك لە مینای ددانەكان لابراون و گەڕانەوەی پێكهاتەی ددانەكە مەحاڵە، بەڵگەی ئەمەش تاكو ئێستا ژمارەی ئەو پزیشكە ددانانەی كە بۆ خودی خۆیان ئەو جوانكارییەیان بۆ كراوە زۆر كەمن.