ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەپێی ئامارێكی ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە، زیاتر لە چوارسەد هەزار ئاوارەی سوری لە شارەكە بەهۆی نەبوونی كۆمەك و هاوكارییەكانەوە لە دۆخێكی زۆر خراپ ژیان دەگوزەرێنن.

ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە دواهەمین ئاماری ئاوارەو كۆچبەرانی شارەكەی بڵاوكردەوەو، كە بەپێی ئامارەكە چوارسەد هەزار كەس لە تەبقە هەڕەشەی مردنیان لەسەرە چونكە پێویستیان بە كۆمەك و هاوكارییە.

ئاشكراشیكردووە، كە زۆربەی ئەو ئاوارانە خەڵكی رەققە و دێرزور و عزاز و جەرابلوس و بابن و بەشێكی زۆریان لەنێو خانووە رووخاوەكاندا دەژین.

ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە باسی لەوەشكردووە، كە تائێستا لەلایەن هیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتیەوە هاوكاری نەگەیەنراوەتە ئەو ئاوارانەو كێشەی سەرەكیشیان نەبوونی دەرمان و چاودێری پزیشكییە.

ئەنجومەنەكە رایگەشیاندووە، كە ئەوان لەئێستادا ئامادەكاری بۆ كردنەوەی كەمپێكی نوێ دەكەن، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی ئاوارەكانەوە دروستكردنی كەمپێك كێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر ناكات.