ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هێزە ئەمنییەكانی توركیا زیاتر لە دوو سەد پەنابەر دەستگیردەكەن، كە بەشێكیان هاووڵاتی عێراقین و ویستویانە لە توركیاوە بچنە یۆنانەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویكردووەتەوە، كە هێزە ئەمنییەكانی توركیا دووسەدو بیست و حەوت پەنابەریان دەستگیركردووە، كە سەدو نۆزدەیان لە ویلایەتی چۆرۆم لە باكوری توركیا دەستگیركراون، بەتۆمەتی ئەوەی بەشێوەیەكی نایاسایی هاتوونەتە ئەو وڵاتەوە، سەدو هەشتی دیكەشیان لەكاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ یۆنان و بولگاریا دەستگیركراون.

ئاژانسەكە باسی لەوەشكردووە، كە ژمارەیەكی زۆر لەو پەنابەرانە، ماوەی نزیكەی دوو مانگە لە سنوری خۆرهەڵاتەوە هاتوونەتە ناو توركیاو خەڵكی وڵاتانی عێراق و سوریا و ئەفغانستان و سۆماڵ و پاكستانن و لەنێویشیاندا نۆ ژن و هەشت منداڵ هەن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی درێژی قەیرانەكان و بێزاری خەڵك لەخراپی گوزەرانیان، لێشاوێكی دیكەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەرەو ئەوروپاو وڵاتانی دیكە دەستیپێكردووە، بەڵام تائێستا نازانرێت لەنێو ئەو دەستیركراوانەی توركیادا خەڵكی هەرێمی تێدایە یان نا.