ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری‌ بەرگری‌ ئەمریكا، هۆشداری‌ دەدات لەبارەی‌ هەڵگیرساندنی‌ شەڕ لەگەڵ كۆریای‌ باكوورو هیواش دەخوازێت قەیرانی كۆریای باكوور لە رێگای دیپلۆماسییەوە چارەسەر بكرێت.

جەیمس ماتیس وەزیری‌ بەرگری‌ ئەمریكا رایگەیاندووە، هەڵگیرساندنی‌ شەڕ لە بەرانبەر كۆریای‌ باكووردا كارەساتی‌ گەورەی‌ لێدەكەوێتەوەو لە ئێستاشدا واشنتۆن پشت بە رێگەچارەی‌ دیبلۆماسی‌ دەبەستێت بۆ چارەسەركردنی‌ كێشەكان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

ماتیس لە میانی وتارێكدا لە كالیفۆرنیا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئەركی ئامادەبوون بۆ شەڕ و پێكدادان لە ئەستۆی ئەودایە وەك وەزیری بەرگری، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەكانی رێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و نیكی هالی نوێنەری هەمیشەیی ئەو وڵاتە لە نەتەوەیەكگرتووەكان، دەرەنجامی باشی لێكەوتووەتەوە.

وەزیری بەرگریی ئەمریكا راشیگەیاند، تراژیدیای جەنگ زۆر روون و ئاشكرایە. جگە لەوەی كە وێرانكەرە، پێویستی بە هیچ ناونانێكی دیكە نییە.

سەبارەت بە پلانیان لەئەگەری هەڵگیرسانی شەڕدا، ماتیس وتی، وڵاتەكەمان ئامادەیە، بەڵام ناتوانم لەئێستاوە بەر لە هەمووشتێك ئەوە بە دوژمن بڵێم كە بەنیازین چی بكەین.

لێدوانەكەی‌ وەزیری‌ بەرگری‌ ئەمریكا لەكاتێكدایە، لەماوەی چەند رۆژی‌ رابردوودا گرژی‌ و ئاڵۆزییەكانی‌ نێوان واشنتۆن و پیۆنگ یانگ رووی‌ لەزیادبوون كردووە.