ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نائارامییەكانی ڤەنزوێلا بەردەوامەو نیكۆلاس مادورۆی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتەش سورە لەسەر مانەوە لە پۆستەكەی و ئۆپۆزسیۆنیش كە لە لایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكرێت لەسەر لەكارلادانی مادورۆ سورن، سەرۆكی ئەمریكاش هەڕەشەی دەستتێوەردانی سەربازیی لەو وڵاتە دەكات.

لەنوێترین پێشهاتدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند بۆ چارەسەری قەیرانی ڤەنزوێلا، كە خەڵكی ئەو وڵاتە بەهۆیەوە ئازار دەچێژن و گیان لەدەست دەدەن، بژاردەی زۆر هەن، یەكێك لەو بژاردانەش بژاردەی سەربازیە. 

ترەمپ دەڵێ وەك دەزانن ئێمە هێزمان لە هەموو شوێنێكی جیهاندا هەیە، كە زۆر دوورن، ڤەنزوێلا زۆر دوور نییە و خەڵك تێیدا ئازار دەچێژن و دەمرن، ئێمە بژاردەی سەربازی زۆرمان بۆ ڤەنزوێلا هەن لەناویاندا بژاردەیەكی سەربازیی چاوەڕوانكراو ئەگەر پێویست بكات.

ئەم لێدوانەی ترەمپ كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. ڤلادیمیر پادرینۆ، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا، هەڕەشەكانی ترەمپی بە دەستتێوەردانی سەربازی لە وڵاتەكەی بە شێتانە وەسف كرد. 

هاوكات هاووڵاتیانی ڤەنزوێلا ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی ترەمپ دەربڕی و رایانگەیاند دەستتێوەردانی سەربازی بارودۆخەكە خراپتر دەكات، وڵات بەرەو شەڕی نێوخۆیی دەبات.

هاووڵاتیان ئاماژەیان بەوەشكرد هیچ كەسێك نایەوێت ئێرە ببێتە سوریایەكی دیكە، دەستتێوەردانی سەربازی لەلایەن ئەمریكاوە دەبێتە هۆی كێشەی زیاتر، نەك چارەسەر، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەك پێویستیمان بە ئەمریكا نییە.