ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی توركیا دەگرێت، كە لەوڵاتەكەیاندا پێشێلكردنی مافی مرۆڤ بەردەوامە و كوردو چەپەكان كراونەتە ئامانج.

زەید رەعد حسێن كۆمسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان لەبواری مافی مرۆڤدا رایگەیاند كە كوردو چەپەكان لە توركیا كراونەتە ئامانج.

دانیشتنەكانی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان لەشاری جنێفی سویسرا رۆژی دووشەممە دەستیپێكرد، ئەو دانیشتنانە وابڕیارە تا رۆژی بیست و نۆی ئەیلول بەردەوامیان هەبێت.

زەید رەعد حسێن لە وتارێكدا كە لە دانیشتنەكەدا پێشكەشیكرد رایگەیاند، ژمارەیەكی زۆر رۆژنامەنووس، ئەكادیمی، پارێزەری مافی مرۆڤ و نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە توركیا خراونەتە زیندان و ئازادیی رادەربڕین و لەو وڵاتەدا بەخەستی پێشێل دەكرێت.

حسێن راشیگەیاند، بەم زووانە ڕاپۆرتێكی تێر و تەسەل سەبارەت بەدۆخی مافەكانی مرۆڤ لەتوركیا بڵاودەكەنەوە، هۆشداریشیدا كە كورد و چەپەكان لە توركیا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە كراونەتە ئامانجی دەسەڵاتداران و چەندین كەسی چالاك و هەڵسوڕاویان لێ دەستگیركردوون.