ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرەرای هەڕەشەكانی حكومەتی ئیسپانیا، سەرۆكی كەتەلۆنیا ڕایگەیاند، ئەوان سەربەخۆیی ڕادەگەیەنن و ئەوەش لە یاسای ڕیفراندۆمی كەتەلۆنیادا بوونی هەیە و جێبەجێی دەكەن.

كارلێس پیگدێمۆنت، سەرۆكی هەرێمی كەتەلۆنیا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیونیدا وتی ئێمە ئەوە ناونانێین ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تاكلایانە، ئێمە سەربەخۆیی ڕادەگەیەنین، ئەمەش لە یاسای ئێمەدا هەیەو جێبەجێی دەكەین.

وتیشی بە پێی یاسا ئەگەر ئەنجامی ڕیفراندۆم بەڵێ بوو لە دوای چل و هەشت كاتژمێر دەتوانرێت سەربەخۆیی ڕابگەیەندرێ.

بڕیاریشە رۆژی سێشەممە دەی تشرینی یەكەم، پەرلەمانی كەتەلۆنیا بۆ بڕیاردان لەسەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كۆببێتەوە.

هاوكات جۆردی سانچێز، سەرۆكی كۆمەڵەی نەتەوەیی كەتەلۆنیا ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە سەربەخۆیی رادەگەیەندرێ.

ئەم هەنگاوەی حكومەتی كەتەلۆنیا لە كاتێكدایە كە حكومەتی ئیسپانیا هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی كردووە ئەگەر كەتەلۆنیا هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت.