ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گرتنەوەی ئاوی روباری فورات لەلایەن حكومەتی توركیاوە، رۆژئاوای كوردستانی رووبەڕووی كەم ئاوی و كەمی كارەبا كردووەتەوەو لەئەگەری بەردەوامیدان بەو كارە زیانێكی زۆریش بەر جوتیارانی ناوچەكە دەكەوێت.

ئاژانسی هاوار نیوز لەزاری بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستانەوە بڵاویكردووەتەوە، كە ماوەی هەفتەیەكە حكومەتی ئەنقەرە ئاوی روباری فوراتی لەسەر رۆژئاوای كوردستان و سوریا گرتووەتەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەو دابەزینی رێژەی ئاوی بەنداوی تشرین هەیە.

ئاژانسەكە باسی لەوەشكردووە، كە دابەزینی ئاوی بەنداوی تشرین كاریگەری كردووەتە سەر بەرهەمهێنانی كارەبای بەنداوەكەو بووەتە هۆی سەرهەڵدانی كەمی كارەبا لە هەرێمی فوڕات و شارۆچكەكانی مەنبەج و كۆبانێ.

هەر بەوتەی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان، گرتنەوەی ئاوی روباری فورات كێشەی كەمی ئاویشی بۆ جوتیارانی ناوچەكە دروستكردووەو راشیانگەیاندووە، كە لەئەگەری بەردەوامبوونی گرتنەوەی ئاوەكە، زیانێكی زۆر بەر جوتیارانی ناوچەكە دەكەوێت. 

روباری فورات لەباكووری كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و بەرۆژئاوای كوردستان شانبەشانی روباری دیجلەوە بەناو خاكی عێراقدا تێدەپەڕێت و درێژی فورات لە باكوری كوردستاندا تا دەگاتە شەتولعەرەب دوو هەزارو سێسەد كیلۆمەتر دەبێت.