ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوور رایگەیاند، شەڕڤانەكانیان لە ماوەی مانگێكدا لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جەزیرەدا، دە گوند و چوار سەدو هەشتا مەزراو شەش كارگەو كێڵگەی نەوت و غاز و شارۆچكەیەكیان لە ڕووبەری سێ هەزار و چوارسەدو شەست و هەشت كیلۆمتر چوارگۆشە لە دێرەزوور لە چنگ تیرۆریستانی داعش ڕزگاركردووەو سەدو پەنجاو شەش تیرۆریستی داعشیش كوژراون. هەروەها پەنجا هەزار هاووڵاتیشیان لە دێرەزوور ڕزگاركردووە و چل و پێنج شەڕڤانیش شەهیدبوون.

فەرماندەیی ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوور رۆژی سێشەممە لەبەیاننامەیەكدا ئاماری ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جەزیرەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جەزیرە كە لە ڕۆژی نۆی ئەیلولی دووهەزارو حەڤدەوە دەستیپێكردووە، مانگێكی بەسەردا تێپەڕی و ئامانج لێی رزگاركردنی سەرجەم ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات و گوند و ناوچەكانی سەر بە جەزیرەیە و پێشڕەوییەكانیش بەردەوامن.

فەرماندەییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، شەڕڤانان لەقۆڵەكانی مەرگەدا، سوار، جەزراتەوە لە پێشڕەویكردن بەردەوامن و شوێنی ستراتیژیی وەك كۆمپانیاو كارگەی شەكر، لۆكە، كارەبا، كێڵگەی غازی كۆنیكۆ، عەزبەو كێڵگەی نەوتی جفرەو شارۆچكەی سوار لەبەری ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فوراتیان لە ناودایە.