ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بیناڵی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا هیوای خواست بەزوویی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا بچێتەوە باری ئاسایی خۆی.

دوێنی یڵدرم لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند "هیوامان ئەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی هاوپەیمان لە ماوەیەکی کورتدا ئاسایی ببێتەوە. لە قۆناغێکدا کە گرژییە ناوچەیی و جیهانییەکان روو لە هەڵکشانن، وەک تورکیا دەستبەرداری عەقڵانیبوون نابین."

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا پێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی تورکیا ڕاگرت و ئەوانیش لە کاردانەوەدا هەمان کاریان کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا چەند ڕۆژێکە بەهۆی ڕاگرتنی پێدانی ڤیزاوە گرژی و ئاڵۆزی تێکەوتووە، ئەویش دوای ئەوەی تورکیا دوو کارمەندی ئەمریکای دەستگیرکرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوێنێ تیلەرسن و مەولود چاوشئۆغڵۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تیایدا تیلەرسن "نیگەرانییەکی زۆری" دەربڕیوە لە دەستگیرکردنی دوو کارمەندی خۆجێیان لە تورکیا.

لە پەیوەندییەکەدا تیلەرسن داوای لە حکومەتی تورکیا کرد کە بەڵگەی پێویست بخاتەڕوو لەسەر تۆمەتبارکردنی ئەو دوو کارمەندە کە لە ئەمساڵدا دەستگیری کردوون.