ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حه‌سه‌ن رۆحانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ ئێران گه‌یشته‌ كرماشان، بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ به‌هۆی‌ زه‌مینله‌رزه‌وه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

زه‌مینله‌رزه‌كه‌ كه‌ گوڕه‌كه‌ی‌ 7.3 پله‌ بوو به‌پێوه‌ری‌ رێخته‌ر، گوندو شاره‌كانی‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی‌ كرماشانی‌ هه‌ژاند كه‌ هاوسنورن له‌گه‌ڵ عێراق.

دانیشتوانی‌ هه‌مه‌دان، ئاراك، زنجان، ئه‌هواز، ئیلام، سنه‌، ته‌ورێز، ئورمیه‌، ئه‌رده‌بیل هه‌ستیان به‌ زه‌مینله‌رزه‌كه‌ كردووه‌.

دوایین ئاماری‌ زه‌مینله‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ی‌ كرماشان ده‌ریده‌خات كه‌ 445 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 7100 كه‌س برینداربوون.

كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران ئه‌مڕۆ كۆتایی هاتنی‌ پڕۆسه‌ی‌ به‌هاناوه‌چوون و رزگاركردنی‌ له‌و ناوچانه‌ راگه‌یاند كه‌ به‌هۆی‌ زه‌مینله‌رزه‌وه‌ زیانیان به‌ركه‌وتبوو.

بیر حسین كولیوند به‌ڕێوه‌به‌ری‌ خزمه‌تگوزاری‌ فریاگوزاریی پزیشكی‌ ئێرانی‌ له‌ته‌له‌فزیۆنی‌ فه‌رمی‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند "پڕۆسه‌ی‌ رزگاركردن له‌كرماشان له‌خۆرئاوای‌ ئێران كۆتایی هات".

 

پارێزگای کرماشان سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی راگه‌یاندووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ ئێران بڕیاریداوه‌ ئه‌مڕۆ ماته‌مینی‌ گشتی‌ بێت له‌سه‌رانسه‌ری‌ وڵاته‌كه‌دا.