ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەتیدەكاتەوە كە حكومەت مووچەی فەرمانبەران كەم بكاتەوە.

لەبەیاننامەیەكدا، ئەمیندارێتیەكە دەڵێت، ئەو لێدوانانە رەتدەكەینەوە كە بڵاوبوونەتەوە گوایە ئەنجومەنی وەزیران مووچەی فەرمانبەران بەڕێژەی لەسەدا بیست كەمدەكاتەوە و جەختی لەوەكردووەتەوە ئەم بابەتە لەپرۆژە یاسای بودجەی دوو هەزار و هەژدەدا نەهاتووە.

ئەوە لەكاتێكدایە مەسعود حەیدەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو، كە بەپێی رێككەوتنی حكومەتی عێراق لەگەڵ بانكی ناوەندی، مووچەی فەرمانبەران بەڕێژەی لەسەدا بیست كەمدەكرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، حكومەتی عێراق داوایكردووە خەرجییەكان، بە بڕی حەوت ترلیۆن دینار كەمبكاتەوە، لە كۆی سی و شەش ترلیۆن دینار، كە دەكاتە سەدا بیستی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق.

بەوتەی حەیدەر، ئەو رێككەوتنە لە پرۆژە یاسای بودجەدایە، هەركاتێك دەنگی لەسەر دراو لەرۆژنامەی واقائیعی عێراق بڵاوكرایەوە، ئەوكات جێبەجێدەكرێت.

پرۆژە یاسای بودجەی دوو هەزارو هەژدە لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندكراوە و تائێستا نەچووەتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكرێت.