ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای ٤٠٠ ڕۆژ لە زیندانیکردنی، ئەمڕۆ یەکەمین دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە بە ئامادەبوونی خۆی دەستی پێکرد.

دادگایکردنی دەمیرتاش لەناو بینای زیندانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت، واتە هەمان ئەو شوێنەی کە دوێنێ فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی تێدا دادگایی کرا.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنی دەمیرتاش، پارێزگاری ئەنقەرە هەموو جۆرە چالاکی و پشتگیرییەکی بۆ دەمیرتاش و فیگەن لە ئەنقەرەدا قەدەغە کرد.

دادگایکردنی دەمیرتاش لەکاتێکدایە کە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ، بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە، لە دادگای میدیاتی سەر بەپارێزگای مێردین بەبێ ئامادەبوونی خۆی دادگایی کرا، بەڵام بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەری دەمیرتاش لەو تۆمەتانە بەبێ تاوان دەرچوو.

تائێستا داواکاری گشتی تورکیا بەتۆمەتی جیا جیا، ٩٣ سکاڵای دژی دەمیرتاش تۆمارکردووە و داوای دوو جار زیندانی ھەتا ھەتایی و ٤٨٦ ساڵ زیندانی بۆ دەمیرتاش دەکات، تائێستاش پرۆسەی دادگایی لەسەر ٩٢ سکاڵاکەی دیکە بەردەوامە.

ڕۆژی ٤ی ١١ی ساڵی ٢٠١٦، پۆلیسی تورکیا هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی هەدەپە و ١١ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو حزبەی دەستگیرکرد.