ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا كار بە سیستمی نوێی دەنگدان بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنیی دەكرێت كە ئەگەری ساختەكاری كەمدەكاتەوە ئاشكرای دەكات تاوەكو ئێستا لە عێراقدا بە هەرێمی كوردستانیشەوە دووسەد حزبی سیاسی ناوی خۆیان تۆماركردووە.

لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، كەریم تەمیمی، كۆمسیاری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند كە ژمارەی ئەو حزبانەی تاوەكو ئێستا مۆڵەتیان وەرگرتووە زیاتر لە دووسەد حزبی سیاسیە، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، كە لە سەدا چلیان ناوی نوێی تۆماركراون .

تەمیمی ئاماژەی بەوەدا كە زۆری ژمارەی حزبە بەشداربووەكان بۆ یاسای حزبەكان دەگەڕێتەوە، كە ئاسانكاری زۆری تێدایە لەوبارەوە بەتایبەت مەرجی ژمارەی ئەندام كە تەنها دووهەزار كەس بە مەرج وەرگیراوە.

سەبارەت بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانیش، كۆمسیاری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دوپاتیكردەوە كە كۆمسیۆن ئامادەكاری جدی دەكات بۆ پرۆسەكە، بەڵام بەگشتی بەندە لەسەر پەسەندكردنی یاسای بودجەو یاسای نوێی هەڵبژاردن و دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن.