ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا وهەولێر وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت، "داواکاریی ئەنجامدانی نێوەندگیری نێوان (بەغدا وهەولێر)مان پێگەیشتووە، ٢١ی ئەم مانگە دەچینە بەغدا و لەپاڵ بابەتە دووقۆڵییەکاندا باسی ئەمەش دەکەین''.

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی چوار شەممە 10ی كانوونی دووەمی 2018 بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ''تورکیا چاوەڕوانی وەدیهاتنی چ هەلومەرجێکە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردی عێراقدا ئاسایی بکاتەوە؟'' رایگەیاند، "حکوومەت و کوردانی باکووری عێراق ئەوەیان بینی کە ریفراندۆم هەنگاوێکی چەند هەڵە بووە، وەک چۆن کوردەکان لەرێگەی ریفراندۆمەوە هیچ مافێکی زیادەیان بەدەستنەهێنا، ئەو مافانەشی کە لەرێگەی دیفاکتۆوە تا ئەمڕۆ سوودیان لێوەردەگرت، لەدەستیاندا و تەنانەت پەکەکەش بە سوودوەرگرتن لەم دۆخە هەستاوە بە راگەیاندنی کانتۆن".

وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، ''پێویستە لە قۆناغی دوای ئەمەدا بەغدا و هەولێر رێکبکەون. ئەوەی کە هەولێر رایگەیاند پابەند دەبێت بە بڕیارەکانی دادگای دەستووریی عێراق هەنگاوێکی ئەرێنییە بەڵام پێویستە لێرەدا ئاشتەواییەکی روون دەستەبەربکرێت. بۆ ئەمەش ئێمە ئەوەی بکەوێتە سەرشانمان ئەنجامیدەدەین. پێویستە هەولێر دان بەوەدا بنێت کە بەڕوونی پابەندی دەستووری حکوومەتی ناوەندییە و بۆ لەمەودوا واز لە هەنگاوی پووچ و بێمانای هاوشێوەی ریفراندۆم و ئەو کارانەی کە دەبنە مایەی هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق، بهێنێت"

چاوشئۆغڵو ئەوەشی نەشاردەوە كە، ''لە بنەڕەتدا نێچیرڤان بارزانی وەک خۆی، دژی ریفراندۆم بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە حکوومەتی هەرێم سەرۆکوەزیرانە، پابەندی ئەو رێککەوتنە بوو کە هاتبووە ئاراوە''.

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشكرد كە، "له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ داواكاریه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ هه‌یه‌ بۆ نێوه‌ندگیری، ئه‌گه‌رێكی زۆر هه‌یه‌ له‌ 21ی كانوونی دووه‌مدا بچین بۆ به‌غدا و له‌ پاڵ بابه‌ته‌ دوو قۆڵیه‌كان گفتوۆگ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ش بكه‌ین. خواستی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ساتێ زووتر ئه‌و كێشانه‌ له‌چوارچێوه‌ی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقدا ئه‌و كێشه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرێت. دوای ئه‌وه‌ی ئاسایی بوونه‌وه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ دروستبوو و، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ولێر ئه‌وانه‌ی په‌سه‌ندكرد ئه‌و كات له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا كێشه‌یه‌كمان نابێت".

پێداچوونەوە: توانا رسول