ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نوێنه‌رانی كۆمیته‌ی رێكخستنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حزبی شیوعی كوردستان به‌شداریان له‌ 9 هه‌مین كۆنگره‌ی رێكخستنی ئه‌وروپای (پید) كرد.
رۆژی ١٣-١-٢٠١٨، له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی رێوبه‌ری رێكخستنی ئه‌وروپای پارتی یه‌كێتی دیموكرات (پید)، وەفدێكی رێكخستنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حزبی شیوعی كوردستان پێكهاتووب لە هاورێیان ئاسۆ گه‌رمیانی، به‌رپرسی كۆمیته‌ی رێكخستنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حزبی شیوعی كوردستان و نوری خه‌لیفه‌ به‌شداریان كرد له‌ 9 هه‌مین كۆنگره‌ی رێكخستنی ئه‌وروپای (پید).
لەكۆنگرەكەدا، هاوڕێ نوری خه‌لیفه ووتاری كۆمیته‌كه‌ی حزبی شیوعی كوردستان به‌كرمانجی خوێنده‌وه، كه‌ تیادا خوێندنه‌وه‌ بۆ سروشتی گۆڕانكارییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ كرا كه‌ به‌ستراوه‌ به‌سروشتی سیسته‌می جیهانی، كه‌ سه‌رمایه‌داری نیۆلیبرالیزم، به‌ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانییه‌وه‌ سه‌رجه‌م جیهانی توشی قه‌یرانی هه‌مه‌لایه‌ن و ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی كردوه‌و، زه‌مینه‌ بۆ ناجێگیری و شه‌رو تیرۆر، له‌زۆر شوێندا خۆش كردوه‌.
لەبەشێكی تری وتارەكەدا ئەوەش هاتووە، هه‌تاكو ئێستا كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، به‌تایبه‌تی وڵاته‌ باڵاده‌سته‌كانی‌، رێگا چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م پرسه‌‌ نه‌گرتوه‌ته‌به‌ر به‌هۆی قه‌یرانی بونیادی، ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ كه‌ كوردستانمان دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ریان،‌ توانای نوێنه‌رایه‌تیكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌لی كوردستانیمانیان نیه‌.
هاوڕێ نوری خه‌لیفه ئاماژەی بەوەشكرد، ‌توركیا، ئه‌ندامی گرنگی هاوپه‌یمانی ناتۆ، پارێزه‌ری سیسته‌می نیۆلیبرالیزمی جیهانی، علمانییه‌ت و دیموكراسی و مافی مرۆف له‌ داكشان دایه‌، میتۆدی سه‌ركوتكردنی گه‌له‌كه‌مانه‌ له‌ باكوری كوردستان گرتوه‌ته‌به‌ر، له‌ئێرانیش، به‌هه‌مان شێوه‌ میتۆدی سه‌ركوتكردن و برسیكردن له‌لایه‌ن رژێمی دیكتاتۆری ئێرانه‌وه‌، نه‌ك ته‌نها گه‌له‌كه‌مان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ڵكو ئه‌مرۆ سه‌رجه‌م گه‌لانی ئێران گرتوه‌و ته‌نها به‌ گرتن و سێداره‌دان رووبه‌رووی كێشه‌كان ئه‌بێته‌وه‌.
هەروەها وتیشی: له‌عێراق، سه‌ره‌رای گۆرانكارییه‌كانی پاش ٢٠٠٣ و به‌شداریكردنی پارته‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌‌كانی و له‌نووسینی ده‌ستوری ٢٠٠٥، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی عێراق و سه‌رجه‌م ته‌وژمه ‌سیاسییه‌ باڵاده‌سته‌‌كانی هێشتان دیلی تێگه‌یشتنی شۆفینین بۆ شوناسی (نیشتمانی) ده‌وڵه‌تی عێراق.
هاوڕێ نوری خه‌لیفه راشیگەیاند: ئه‌ركی هه‌نۆكه‌ییمان، پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌كه‌مانه له باشووری كوردستان‌و په‌ره‌پێدانی به‌رێگای دیموكراتیزه‌كردنی سیسته‌می حكومرانی و ره‌تكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئابوری بازاڕی له‌ده‌ست ده‌رچوو په‌یڕه‌وكراو كه‌بوه‌ته‌ هۆی به‌ربڵاوبوونی گه‌نده‌ڵی و ده‌ستگرتنی حزبه‌ حاكمه‌كان به‌سه‌ر سامانی گشتیداو زاڵبوونی به‌رژه‌وه‌ندی بۆرژوازی بیرۆكراسی و مشه‌خۆر‌ له‌حوكمدا كه‌ كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌موو ته‌نگژه‌كانی سیاسی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.
ئاماژەی بەوەشكرد: وانه‌كانی ئه‌زمونمان له‌ باشوری كوردستان سوودبه‌خشن بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ مه‌زنه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌رۆژاوای كوردستان، ئه‌مه‌ش پێویستی زیاتر به‌‌ دیموكراتیزه‌كردنی سیسته‌می حكومرانی هه‌یه‌ و كه‌متریش به‌ پشتبه‌ستن به به‌ڵێنه‌كانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، كه‌ سڵناكه‌ن له‌پشتكردن له‌ هاوكارانیان له‌پێناو‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان.
ئەوەشی خستەڕوو: چه‌خت له‌سه‌ر ئه‌ركی هه‌نۆكه‌یی سه‌رجه‌م پارته‌ كوردستانییه‌كان كرا و نزیكبوونه‌وه‌ له‌یه‌كتر بۆ ئه‌نجامدانی خوێندنه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ ره‌وشی جیهانی و ناوچه‌كه‌و به‌مه‌ ستراتیژی تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان له‌م قۆناغه‌ بێته‌ دارشتن و له‌تاكتیكدا، به‌ره‌چاوكردنی تایبه‌تمه‌ندی ره‌وشی سیاسی هه‌ر به‌شێكی كوردستان، كاری هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ین.
لەكۆتیایدا راشیگەیاند: له‌م كۆنگره‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌حزبه‌كانی چوار به‌شه‌كانی كوردستان به‌شدارییان كرد و كۆنگره‌ ، پاش خوێندنه‌وه‌ی ووتار له‌لایه‌ن پارته‌ مێوانه‌كان، به‌رده‌وام بوو له‌كاره‌كانی و دواتر به‌هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردایه‌تیه‌كی نوێ كۆتایی به‌كاره‌كانی ده‌هێنێت.

  • 1