ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەلیم جبووری، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018ـی عێراق کە لەلایەن حەیدەر عەبادی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادەکراوە، یاسایی و دەستووری نییە، بۆیە وەکو سەرۆکایەتیی پەرلەمان رەتیدەکەنەوە.

سەلیم جبووری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی شوباتی 2018 لە بەمیدیاكانی رایگەیاند، "بە بۆچوونی ئێمە؛ بودجە پێویستی دەستووریی و یاسایی تێدا نییە وەک ئەوەی لە دەستووردا نووسراوە، لە سەرووی هەموویانەوە بەپێی ماددەی 62ـی دەستوور، حیسابی کۆتایی ساڵانی 2012 تاوەکو 2017 پێشکەش نەکراوە، بەمەبەستی هەڵوەستەکردن لەسەر رێژەی جێبەجێکردنیان".

سەلیم جبووری راشیگەیاند، "هەروەها وەزارەتی دارایی خشتەی خەرجییەکانی سیادی نەناردووە، کە رێژەی پشکی هەرێمی کوردستانی تێدا روون دەکرێتەوە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی گەللەیی كوردەكان لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018 رایگەیاند، "نوێنەرانی هەرێم تێبینییەکانیان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە پێشکەش کردووە، لەوانە: خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، زیادکردنی پشکیان لە بودجەدا، پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیاران و چاوخشانەوە بە پشکی هەرێم کە لەم پرۆژەیەدا بەڕێژی 12.67%هەژمارکراوە، هەروەها داوای چاوخشانەوەیان بە خەرجیی سیادی کردووە، کە لە پرۆژەیاساکەدا هاتووە، چونکە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر پشکی هەرێمی کوردستان".

جبووری جەختیشی کردەوە لەوەی كە، "هەفتەی رابردوو پەرلەمان هەمواری پرۆژەیاسای بودجەی بەدەستگەیشتووە، بودجەکە داواکاری و تێبنییەکانی پارێزگا زیانلێکەوتووەکان و هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی رەچاونەکردووە، جگە لەوەی کە هەموارکردنەکە هەندێک پێشنیازی هەموارکراوی گرتووەتەوە کە لەلایەن سنووقی نێودەوڵەتی دراوەوە پێشکەشکرابوو، ئەمانەش جگە لەو بڕگانەی پەیوەندییان بە هەرێـمی کوردستانەوە هەیە".

  • 1