ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماری ٢٣ ڕۆژی شەڕی عەفرینی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تائێستا ٨٦٢ چەکدار و سەربازی تورکیا کوژراون.

بەپێی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، لەو ماوەیەدا لە ئەنجامی بۆردومانەکانی تورکیا ١٨٠ هاووڵاتیی مەدەنی شەهیدبوون، کە منداڵ و ژن و بەساڵاچوویان لەناودایە، هەروەها ٤١٣ هاووڵاتیش برینداربوون، برینی ژمارەیەکیان قورسە.

هەر لە ئەنجامی شەڕ و بۆردومانەکاندا ۹۸ شەڕڤانی یەپەگە و یەپەژە شەهیدبوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای تورکیا لە ماوەی ئەو ٢٣ ڕۆژەدا ٦٦٨ هێرشی بە فڕۆکەی بۆمبهاوێژ کردووەتە سەر ناوچەی ئاوەدانی و شوێنی نیشتەجێبونی هاووڵاتیان و ڕێگاوبان و دامەزراوە خزمەتگوزاری و ناوەندە ئابوورییەکان.

هەروەها ٢٦٤٥ جار بە مووشەکی دوورهاوێژ و تۆپی سەر تانک ناوچەکەی بۆردومانکردووە، و ١٦ جاریش بە کۆپتەر ناوچەکەی مووشەکباران کردووە.

هەر لەو ماوەیەدا و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی هەسەدە، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە ٤٠٩ جار لەگەڵ سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان لە شەڕی دەستەویەخەدا ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە.

دەشلێت، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا هێزە کوردییەکان، توانیویانە دوو کۆپتەری تورکیا بخەنە خوارەوە، پەنجا و یەک ئۆتۆمبێل و تانکی سەربازیش کراونەتە ئامانج، کە هەندێکیان تێکشکاون و بەشێکیشیان تەنها زیانیان بەرکەوتووە.

  • 1