ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاوپه‌یمانی سائیرون به‌ره‌و چاكسازی كه‌ موقته‌دا سه‌در رابه‌رایه‌تی و پشتگیری 6 لایه‌ن له‌خۆده‌گرێت، بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژووی هاوپه‌یمانێتی لەعێراقدا لەگەڵ حزبی شیوعی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن.

ئیبراهیم جابری، سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتی سه‌در و سه‌رپه‌رشتیاری خۆپیشاندانه‌كان رایدەگەنێت، "ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین هاوپه‌یمانێتییه‌ له‌و جۆره‌ له‌ عێراق، شۆڕشی عێراقییه‌كان له‌ پێناو چاكسازی له‌گه‌ڵ ره‌وتی مه‌ده‌نی و ئیسلامی میانڕەو".

جابری راشیگەیاند، "ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌، چونكه‌ زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ پێكه‌وه‌ له‌ دژی تایه‌فه‌گه‌ری ده‌جه‌نگین".

ئیبراهیم جابری ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد "هه‌ندێك لایه‌ن دژایه‌تی لیسته‌كه‌یان كردین، بۆیه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ری".

رائید فه‌همی، سكرتێری حزبی شیوعی عێراق به‌ فرانسپرێسی راگه‌یاندووه‌ "ئه‌وه‌ داواكارییانه‌ سروشتی تایه‌فه‌گه‌ری نییه‌، له‌پێناو پڕۆژه‌ی شارستانی نیشتمانیدایه‌، ئامانجی ده‌سته‌به‌ركردنی دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ رێگه‌ به‌ ئیسلامییه‌كان و عه‌لمانییه‌كان ده‌دات پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن".

سكرتێری حزبی شیوعی ئه‌وه‌شی وتووه‌ "ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌نێوان كه‌سانێكدا هاتۆته‌ ئاراوه‌ هیچ ئایدۆلۆژیایه‌كی هاوبه‌شیان نیه‌ كه‌ دواتر بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌ك په‌ره‌یسه‌ند".

فه‌همی ئەوەش ناشارێتەوەكە، "كاركردنی هاوبه‌ش له‌ نێوان مه‌ده‌نییه‌كان و پیاوانی ئاینی ئه‌زمونێكی كلتورییه‌ و كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌، بێگومان ئه‌وه‌ش پرسیار ده‌وروژێنێت كه‌ هه‌ندێك ئه‌وه‌ به‌ ئه‌سته‌م له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، بێگومان ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ ئایدۆلۆژی نییه‌".

  • 1