ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەسەدە ئامارێكی شەڕو پێكدادانێكی بڵاوكردۆتەوە كە هی (24) كاتژمێری ڕابردووەو تێیدا باس لە شارۆچكەكانی بلبلێ، شێراواو شەرا دەكات و ئاماژە بەشەڕێكی سەخت لەنێوان هێزەكانیان و سوپای توركیا دەكات كە تێیدا باس لەوەدەكات (125) سەربازو چەكداری میلیشیاكان كوژراون.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی سوریای دیموكرات – قەسەدە، ئاماری شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەكانی (24) كاتژمێری ڕابردووی لە عەفرین بڵاوكردەوە.

قەسەدە ڕایگەیاندووە: سوپای توركیاو چەكداری میلیشیا هاریكارەكانی بە بەردەوامی بە چەكی قورس، ناوەندی عەفرین و ناوچەكانی دەوروبەری و شارۆچكەی جندرێس دەكاتە ئامانج.

 

ئەوەش هاتووە: لە بەرەی گوندی كۆتانا لە بلبلێ، بێ ناوبڕ شەڕێكی سەخت لەنێوان شەڕڤانان‌ و سوپای توركیا ڕوودەدات، هەروەها سوپای توركیا بە تۆپ و فڕۆكە هێرش دەكاتە سەر گوندەكانی بلبلێ.

هەروەها، هاتووە: هەر لە بەرەی بلبلێ، هێزەكانیان ئۆتۆمبێلێكی سەربازی بۆمبڕێژكراوی سوپای توركیایان تەقاندۆتەوە، كە بۆ هێرشكردن ئامادەكرابوو، لە ئەنجامیشدا زیاتر لە (60) سەربازو چەكدار كوژراون.

قەسەدە ڕاشیگەیاندووە: لە بەرەی گوندەكانی قزلباش قاشاو دەروێشی سەر بە بلبلێ، شەڕێكی سەخت لە ئارادایە، هێزەكانیان ئاشكرایانكرد، كە لەو شەڕانەدا تاكو ئێستا (30) چەكدار كوژراون، هاوكات سوپای توركیا بە چەكی قورس و فڕۆكە هێرش دەكاتە سەر ئەو گوندانە.

ئەوەش خراوەتەڕوو: لە بەرەی گوندەكانی باسل و ڤیلات ئەلقادی سەر بە شێراوا، شەڕێكی سەخت لە نێوان ‌‌هێزەكانیان و سوپای توركیاو چەكدارەكان لە ئارادایەو تا ئێستا (29) چەكدار كوژراون، هەروەها سوپای توركیا ئەو گوندانە بۆردومان و تۆپباران دەكات.

قەسەدە، ئاماژەی بەوەشكردووە: لە دەوروبەری بەنداوی مەیدانكێ لە شەرا، گروپێكی چەكدار هەوڵیاندا بە ئاراستەی بەنداوەكە پێشڕەوی بكەن، هێزەكانیان شكستیان بەو هەوڵە هێناوەو چەكدارەكان ناچاربوون پاشەكشە بكەن، لەو شەڕەشدا (6) چەكدار كوژران.

 

R.M

  • 1