ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رۆژنامه‌ی‌ "واشنتۆن پۆست"ی ئه‌مریكیی پێیوایه‌، سه‌ركه‌وتنی موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در و سه‌رپه‌رشتیاری هاوپه‌یمانێتی "سائیرون" له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، هه‌ریه‌ك له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا و ئێران ناچار ده‌كات چاو به‌ چۆنیه‌تی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌ عیراق بخشێننه‌وه‌.

رۆژنامه‌ی‌ "واشنتۆن پۆست"ی ئه‌مریكیی روونیكردووه‌ته‌وه‌، له‌ رۆژانی‌ داهاتوودا موقته‌دا سه‌در كاندیدی خۆی بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌خاته‌ڕوو، ده‌بێت ئه‌مریكا بزانێت لێره‌ به‌دواوه‌ چۆن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌پارێزێت، جگه‌ له‌وه‌ش، سه‌ركه‌وتنی سه‌در پرسیار له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عێراق دروست ده‌كات، له‌كاتێكدا سه‌در ره‌خنه‌ی له‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا هه‌یه‌.

رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ سه‌در دژی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانیشه‌ له‌ عێراق، تارانیش ده‌بێت بزانێت لێره‌ به‌دواوه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ له‌ عێراق ده‌پارێزێت.

ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌ نوسیویه‌تی: به‌شێك له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی نه‌یاری ئێران پشتیوانی‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی‌ سه‌در ده‌كه‌ن.

چاودێرێكی سیاسی ناوی خۆی ئاشكرا نه‌كردووه‌ بۆ واشنتۆن پۆست ده‌ڵێت: سه‌در تاكه‌ سه‌ركرده‌ی سیاسییه‌ له‌ عێراقدا كه‌ بۆچونی سه‌باره‌ت به‌ عێراق روونه‌، داوای‌ عێراقێكی بێ گه‌نده‌ڵیی و حكومه‌تێكی ته‌كنۆكرات ده‌كات.

ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌ وه‌بیر هێناوه‌ته‌وه‌، سه‌در له‌ دوای‌ رووخانی به‌عسه‌وه‌ له‌ 2003، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سوپای‌ مه‌هدی، دژی‌ ئه‌مریكا شه‌ڕی كرد، ئه‌مریكاش له‌ لیستی نه‌یاره‌كانیدا داینا، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌ به‌دواوه‌ سه‌در هه‌وڵده‌دات وێنه‌ی خۆی بگۆڕێت و وه‌ك سیاسیه‌كی میانڕه‌و ده‌ربكه‌وێت.

 

  • 1