ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە شەڕێکی نێوان ڕێکخراوی تاڵیبان و هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، ٣٢٥ کەس کوژران.

تۆڕی میدیایی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، دوای زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان توانیویانە چەکدارانی تاڵیبان لە شاری فەڕاهـ ناوەندی ویلایەتی فەڕاە لە خۆرئاوای ئەفغانستان دەربکەن کە بەنیازبوون ئەو شارە کۆنتڕۆڵبکەن.

بی بی سی لە زاری عەبدولبەسیر سالەنگی حاکمی ویلایەتی فەڕاهـ بڵاویکردووەتەووە، کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی ئەفغانستان، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە پاشەکشێیان بە چەکدارانی تاڵیبانیان لە شاری فەڕاهـ کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو شەڕەدا ٣٠٠ چەکداری تاڵیبان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان و شەڕی دەستەویەخەدا کوژراون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر لەو شەڕەدا ٢٥ سەربازی ئەفغانستان کوژراون و ١٠ی دیکەش برینداربوون.

حاکمی ویلایەتی فەڕاهـ ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستاندایە و دۆخەکە ئارام بووەتەوە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا بارودۆخی ویلایەتی فەڕاهـ لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان بە تەواوەتی ئاڵۆز بووبوو، بە شێوەیەک کە ژمارەیەک لە نوێنەرانی ئەو ویلایەتە لە پەرلەمانی ئەفغانستان هۆشدارییان دابوو لەوەی کە ئەگەری هەیە بکەوێتە دەست گروپە نەیارەکانی ئەفغانستان.

 

  • 1