ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لایەنێکی سیاسی هەڕەشەی کوشتنی لە سەعید کاکەیی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و خێزانەکەی کردووە و سەعید کاکەیی-ش دوای چەند كاتژمێرێك هەواڵەكە رەتدەكاتەوە.

رۆژی چوارشەممە 16ی ئایاری 2018 کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، لایەنێکی سیاسی سەعید کاکەیی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچارکردووە دەستلەکاربکێشێتەوە و لە ڕاگەیاندنەکانیشەوە دەرنەکەوێت.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، سەلامەتی گیانی سەعید کاکەیی و خێزانەکەی لە ئەستۆی ئەو لایەنە سیاسییەیە کە هەڕەشەی لێ کردووە.

لەلایەكی دیكەوە سەعید کاکەیی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، "ئەو ڕاگەیەندراوەی کۆمسیۆن بڵاویکردووەتەوە سەرلەبەری پڕۆپاگەندە و درۆیە و دوورە لە ڕاستی".

سەعید کاکەیی راشیگەیاندووە، ھیچ لایەنێکی سیاسی ھەڕەشەی لێ نەکردووە و ژیانی سەلامەتە و مەترسی لەسەر نیە.

  • 1