ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆك وەزیری عێراق رایگەیاند، سوتاندنی كۆگای سندووقەكانی دەنگدان لە بەغدا لە چوارچێوەی پلانگێڕییەكدا بووە بۆ لەناوبردنی پڕۆسەی دیموكراسی لە وڵاتەكەدا، ئەوەش لە یەكەمین لێدوانی حكومەتدا لەسەر ئەوەی ڕووداوەكە بە مەبەست بووە.

حەیدەر عەبادی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، "سوتاندنی كۆگاكانی سندوقەكانی دەنگدان پلانێكە بۆ لێدانی وڵاتەكە، بەرنامە دیموكراسییەكەی و هەموو ڕێوشوێنە پێویستەكان دەگرینەبەر و بە دەستی ئاسن لە هەر كەسێك دەدەین كە دەیەوێت ئاسایشی وڵاتەكە و هاوڵاتیانی تێكبدات".

دوێنێ یەكشەممە ئاگرێكی گەورە لە یەكێك لە كۆگاكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە تایبەت بوو بە پاراستنی سندوقەكانی دەنگدان كەوتەوە، بەپێی هەندێك لەو سەرچاوانە تێكڕایی سندوقەكانی دەنگدان سوتاون.

سوتاندنی كۆگای سندووقەكانی دەنگدان لەكاتێكدایە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چوارشەممەی رابردوو بەكۆی دەنگی پەرلەمانتاران یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارە 45ی ساڵی 2013ی دەركرد، بەپێی یاساكە كۆمسیۆنی لەكارخست و ئەنجامی هەڵبژاردنی تایبەتی لە هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندەوە، هەروەها جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان بە رێژەی سەدا 100 لە یاساكەدا جێكردووە.

  • 1