ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ كۆریای باكووردا ئامادەیین مێژوویه‌كی نوێ بنووسینه‌وه‌".

رۆژی سێشەممە 12ی حوزەیرانی 2018 دوای ئه‌و لووتكه‌یه‌ی له‌ سینگاپور له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كۆریای باكوور، كیم جۆنگ ئون ئه‌نجامدا، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سوپاسی كیم-ی كرد كه‌ "یه‌كه‌م هه‌نگاوی هه‌ڵناوه‌ به‌ئاراسته‌ی داهاتوویه‌كی رۆشن له‌ پێناو گه‌له‌كه‌یدا".

تره‌مپ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌مریكا ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور مێژوویه‌كی نوێ، په‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵبداته‌وه‌ و، گوتی: "ناچاری نییه‌ رابردوو نه‌خشه‌ی داهاتوو بكێشێت".

دۆناڵد ترەمپ هەروەها ئاشکرای کرد: جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور کۆدەبێتەوە، بەڵام ئەمجارە لە وڵاتەکەی خۆی و رایگەیاند، "سەرۆک کیم بانگهێشت دەکەم بۆ کۆشکی سپی و ئەویش ئەوەی پەسەند کردووە".

دۆناڵد ترەمپ سوپاسی سەرۆکی کۆریای باشوور، ژاپۆن، سەنگاپوور و چینی کرد کە کارئاسانییان کردووە بۆ سەرخستنی ئەو کۆبوونەوەیە و لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیشیدا رایگەیاند "کۆبوونەوەم لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون زۆر راستگۆیانە و بەرهەمداربوو".

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە لەوەی بەو کۆبوونەوانەی نێوانیان "کۆتاییمان بە ناکۆکی 70 ساڵەی نێوانمان هێنا و ئامادەکاریمان بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کرد".

  • 1