ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق داوا لە توركیا دەكات سەروەری خاكی عێراق بپارێزێت، رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان لە شەنگال هەن وە پێشمەرگەش لە قەندیل نزیكن، كە بەشێكن لە سیستمی بەرگری عێراق كاری هەموو ئەو هێزانە پاراستنی سەروەری عێراق و هەموو نەتەوە جیاوازەكانە.

عەمید یەحیا زوبەیدی وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، "هیوادارین لایەنی توركی ڕێز لە سەروەری عێراق و خاكی عێراق بگرێت، خاكی عێراق و سەروەریەكەی لەلایەن هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و هێزە سەربازییەكانی عێراقەوە دەپارێزرێت وەهەروەها ئێمە بەڕەهایی (بەتەواوی) نامانەوێت خاكی عێراق بۆ كاری تیرۆریستی لە دژی وڵاتانی دراوسێ بەكاربهێنرێت".

زوبەیدی باسی لەوەشكرد، "داوا لە توركیا دەكەین سەروەری خاكی عێراق بپارێزێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكانی ئێمە لە شەنگال هەن وە پێشمەرگەش لە قەندیل نزیكن كە بەشێكن لە سیستمی بەرگری عێراق كاری هەموو ئەم هێزانە پاراستنی سەروەری عێراق و هەموو نەتەوە جیاوازەكانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نین خاكی عێراق بۆ هێرشكردنی سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكاربهێنرێت، بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی هەروڵاتێك لەناو خاكی عێراق چاوەڕێی فەرمانی سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەكەین".

عەمید یەحیا زوبەیدی ئەوەشی نەشاردەوە كە، "ئێمە هەمیشە وتومانە بەهیچ جۆرێك نامانەوێت خاكی عێراق ببێتە شوێنی چالاكی و كار دژ بەوڵاتانی دراوسێ، ئێمە ڕێز لە سەروەری خاكی توركیا و هەموو وڵاتانی دراوسێی عێراق دەگرین".

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رونیشیكردەوە، "هێزەكانمان ئێستا لە شەنگال و هەموو شوێنێك هەین ( بوونمان هەیە) سەروەری عێراق دەپارێزین، پارێزگاری لە عێراق دەكەین، هیوادارین توركیا و توركەكان ڕێز لە سەروەری عێراق بگرن لە هەموو پارچەیەكی عێراق هێزی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان هەیە وە پێشمەرگە هەیە كە بەشێكن لە سیستمی بەرگری عێراقی كە سەروەری و خاكی عێراق دەپارێزن، پشت بەخوا ئێمە دەتوانین پارێزگاری لەخاكی عێراق بكەین".

  • 1