ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەكانی ئێران، لە بارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ توركیا دژ بە پەكەكە رایگەیاند، تاران بەشداری هیچ ئۆپەراسیۆنێك ناكات، كە لە خاكی وڵاتێكی ترەوە ئەنجام بدرێت، دەشڵێت "هێرشكردنەسەر پەكەكە كارێكی نەشیاوە."

ئاژانسی ئیرنای ئێرانی بڵاویكردووەتەوە، كە ئەبولفەزڵ شكارچی، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەكانی ئێران لە بارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ توركیا بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە رایگەیاندووە، "ئێران پاڵپشتی لە هەر هەنگاوێك دژی تیرۆر دەكات، بەڵام لەشكركێشی سەربازیی لە وڵاتێكی دیكە بە بیانووی شەڕی تیرۆر بەبێ مۆڵەتی حكومەتی ئەو وڵاتەی ئۆپەراسیۆنەكەی تێدا ئەنجامدەدرێت رەتدەكاتەوە و بە كارێكی نەشیاوی دادەنێت".

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەكان ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئێران خۆی قوربانی تیرۆر بووە لە 40 ساڵی رابردوودا، بۆیە هیچكات پشتیوانی بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆرستییەكان ناكات، لە ڕێگەی پێشێلكردنی سەروەری وڵاتێكی ترەوە".

توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی و ئاسمانی بۆسەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستپێكردووەو 29ی مانگی رابردووش هێزێكی ئەو وڵاتە هاتە سنووری برادۆست و دوای رۆژێك مانەوەی ناوچەكەیان بەجێهێشت، رۆژانەش ناوە ناوە بۆردومانی ناوچەكانی سنووری برادۆست و قەندیل و ئامێدی دەكات.

مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاندووە، پێشنیازی هەماهەنگیان بۆ ئۆپەراسیۆنی سەر قەندیل داوەتە كۆماری ئیسلامی ئێران و ئەوانیش رەزامەندییان دەربڕیووە.

  • 1