ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بڕیارە سبەینێ هەینی وەزیرانی دەرەوەی چین و ڕوسیا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە ڤییەنا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا تایبەت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە کۆببنەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکە بۆ پاراستنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا لەنێوان ئەو وڵاتانەدا واژۆ کرا.

هاوکات فیدریکا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا جەختی لە سازدانی ئەو کۆبوونەوەیە کردەوە کە دەزگای فەڕمی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو.

ئاژانسەکە ئەوەشی وتووە، وەزیری دەرەوەی چین و ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەت وانگ یی بەرەو ڤییەنا دەچن بۆ بەشداریکردن لە دانوستاندنەکاندا، هەروەها سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بەشدار دەبێت.

ڕۆیتەرز لە زاری دەزگای هەواڵی ئێرانی و دیبلۆماتکارە ئەوروپییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئێران داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کردووە بۆ ڕزگارکردنی ڕێککەوتنە ناوەکییەکە، ئەوەش وەکو ڕووبەڕووبوونەوەی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنەکە و سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا.

لە ٨ی ئایاری ئەمساڵدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی خۆی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ڕاگەیاند، هاوکات لە مانگی ٨ی ئەمساڵدا سزاکان دەسەپێنرێنەوە بەسەر ئێراندا.

 

  • 1